شوێنی ئاهەنگ و رێوڕەسمەکانی نەورۆز لە هەرێمی کوردستان؛ 'لە دهۆک ئاهەنگ ناکرێت'

20-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە؛ میوزیک و گۆرانی پێشکێش دەکرێت و چالاکیی کولتووری بەڕێوەدەبرێت. قایمقامی دهۆک دەڵێت، بەهۆی ئەو دۆخەی لە سنوورەکەیان هەیە، تەنیا ئاگر دەکەنەوە و ئاهەنگ ناگێڕن.
 
نەورۆزی ئەم ساڵ کەوتووەتە نێو مانگی رەمەزانەوە، بۆیە چالاکییەکان و ئاگرکردنەوە فەرمییەکان دەکەونە دوای بەربانگەوە. لە سلێمانی مەشخەڵ هەڵدەکرێت و ئاهەنگ بەڕێوەدەچێت، لە هەولێر ئاگر دەکرێتەوە و چالاکیی کولتووری ئەنجام دەدرێت. لە هەڵەبجە و دهۆکیش ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە.
 
لە سلێمانی چەند چالاکییەکی تایبەت بە جەژنی نەورۆز بەڕێوەدەچن، لەنێویاندا کاژێر 03:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، چالاکییەکی هونەریی کولتووری و نمایشی کاری دەستی لە گردی مامەیارە و بناری چیای گۆیژە دەستپێدەکات.
 
بەگوێرەی راگەیاندنی قایمقامیەتی سلێمانی، لە زنجیرە چالاکییەکانی نەورۆزی ئەم ساڵدا کاژێر 06:00ی ئێوارە، ئێوارەخوانێکی بەربانگ پێشکێشی ژینگەپارێزان دەکرێت. هەروەها ژمارەیەک چالاکی لە شاڕێی سالم، ناسراو بە سەهۆڵەکە، بەڕێوەدەچێت؛ کە پێکدێت لە هەڵکردنی مەشخەڵی نەورۆز و نمایشکردنی ئۆتۆمبێلی کلاسیک؛ ئاهەنگ و گۆرانی و نمایشکردنی خواردنی کوردەواری و کاری دەستی.
 
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە و هەریەکە لە ئاسایش، پۆلیس، بەرگریی شارستانی و هاتووچۆ رێکخستنی رێوەڕەسمەکەیان لەئەستۆ گرتووە. گوتیشی، "بەهۆی رەمەزانەوە زۆرینەی چالاکییەکان دەکەونەوە شەو."
 
هەروەها بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاژێر 05:00 بۆ 11:00ی شەو، لە گۆڕەپانی ئەندازیارانەوە تاوەکو بەردەم باخی گشتی، شەقامەکە بەڕووی ئۆتۆمبێلدا بەربەست دەکرێت، ئەگەر ئاهەنگەکان درێژەیان کێشا، کاتەکەی درێژ دەکرێتەوە."
 
ئەو شوێنەی دادەخرێت بەشێکی سەرەکیی ئەو شەقامەی سلێمانییە، کە بە سەهۆڵەکە ناسراوە و لە بۆنەکاندا جگە لە دانیشتووانی شارەکە، هەزاران هاونیشتمانیی شارەکانی دیکە و گەشتیارانیش سەردانی دەکەن.
 
قەڵای هەولێر بە ئاڵای کوردستان و رووناکی رازێندراوەتەوە. نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە فەرمی دوای بەربانگ ئاگری نەورۆز لە قەڵای هەولێر دەکرێتەوە."
 
جگە لە کردنەوەی ئاگر، هەر بەهۆی نەورۆزەوە چەند چالاکییەکی کولتوورییش لە شارەکە بەڕێوەدەبرێت.
 
لە دهۆک بەهۆی زیانەکانی لافاوەوە ئاهەنگ بەڕێوەناچێت. ئیسماعیل محەممەد، قایمقامی دهۆک بە رووداوی گوت، "بەهۆی ئەو دۆخەی لە سنوورەکەمان هەیە تەنیا ئاگر دەکرێتەوە و هیچ ئاهەنگێک بۆ نەورۆز بەڕێوەناچێت."
 
لە هەڵەبجەش نەورۆز پیرۆز دەکرێت و بڕیارە کاژێر 07:00ی ئێوارە رێوڕەسمێک لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەر لە شارەکە بەڕێوەبچێت.
 
هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رێوڕەسمەکەدا کە پارێزگاری هەڵەبجە ئامادە دەبێت، ئاگر دەکرێتەوە و گۆرانی و میوزیک پێشکێشی هاونیشتمانییان دەکرێت.
 
ئەمڕۆ ئاگری نەورۆز لە قەڵای کەرکووکیش دەکرێتەوە. عەلی قەڵایی، سەرپەرشتیاری بەشی هەڵبژاردنی کەرکووک – سەلاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە لەسەر قەڵای کەرکووک ئاگری نەورۆز دەکەنەوە، بەڵام هیچ ئاهەنگێکی تایبەت بەڕێوەنابەن.
 
جیا لە سەنتەری پارێزگاکان، لە زۆرینەی قەزا و ناحیەکانی هەرێمی کوردستان ئاگری نەورۆز دەکرێت و رێوڕەسمی جیا بەڕێوەدەچێت، لەنێویاندا قەزای ئاکرێ، کە ساڵانە بە ئاهەنگەکانی سەرنجی زۆرترین کەس رادەکێشێت.
 
 
رێوڕەسمەکەی ئاکرێ کاژێر 06:50ی ئێوارە و دوای بەربانگ دەستپێدەکات و کاژێر 08:30ی ئێوارە کۆتایی دێت.
 
کاوە زوهێر، ئەندامی راگەیاندنی کەرنەڤاڵی نەورۆزی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئامادەکارییەکان تەواو کراون، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵی زیاتر لە 40 وڵات لە هەرێمی کوردستان بەشداری دەکەن.
 
ساڵی رابردوو زیاتر لە 100 هەزار کەس بەشدارییان لە نەورۆزی شارەکەدا کرد. کاوە زوهێز گوتی، ئەم ساڵ چاوەڕوان دەکەن زیاتر لە پار بەشداری لە رێوەڕەسمەکەدا بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.