رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان رێکارەکانى جیاکردنەوە و ژماردنى دەنگەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى پەسند کرد، کە سەرەتا ژماردنى ئەلیکترۆنى و دواتر بەدەستى دەبێت، لە هەر وێستگەیەکیش نەخوێندنەوەى پەنجەمۆر تاوەکو 5%ى دەنگدەرانى رێگەپێدراوە.
بەگوێرەى بڕیارێکى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، کە دووشەممە، 18ى ئادارى 2024، دەریکردووە، رێکارەکانى دەنگدان و جیاکرنەوەى ژماردنى ئەلیکترۆنى و دەستى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پەسند کردووە.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەگوێرەى رێکارەکان، سەرەتا جیاکردنەوە و ژماردنى دەنگەکان بە ئەلیکترۆنى دەبێت و لیستى دەنگەکان و دەنگە پووچەڵەکان دەدرێتە نوێنەرى لایەنەکان".
جومانە غەلاى گوتیشى: "دواتر جیاکردنەوە و ژماردنەوەى دەستى دەکرێت و ئەگەر ئەنجامەکانى بە رێژەى کەمتر لە 5% لەگەڵ ژماردنى ئەلیکترۆنى جیاواز بوو، ئەنجامى ژماردنى دەستى پشتى پێدەبەسترێت، ئەگەر رێژەى جیاوازییەکە 5% زیاتر بوو، ئەو سندووقە دەگوێزرێتەوە بۆ ناوەندى وردبینیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵژاردنەکان لەو پارێزگایە".
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ى حوزەیران بکرێت و بۆ یەکەمجار ئەو هەڵبژاردنە بە سیستمى ئەلیکترۆنى و لە رێگەى کارتى بایۆمەتریی دەنگدانەوە دەکرێت.
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، دەنگدانى ئەلیکترۆنى لە رێگە ئامێکرێکى ئەلیکترۆنییەوە دەبێت کە تەنیا ناوى دەنگدەرانى ئەو وێستگەیەى تێدایە کە ئەو ئامێرەى لێیە و لە رێگەیەوە پەنجە مۆرەکان هاوتا دەکرێت، ئەگەر رێژەى نەخوێندنەوەى پەنجەمۆرى دەنگەکان 5%ى تێکڕاى ناوى دەنگدەرانى ئەو وێستگەى تێپەڕاند بەبێ پەنجەمۆر لەو وێستگەیە دەنگ نادرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ