رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لە شاری سەردەشتی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
سیامەند محەممەدی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سەردەشتی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، ''دوو گەنجی تەمەن 22 و 23 ساڵ، دوای لەدەستدانی کۆنترۆڵ، بە ماتۆرسکیڵ خۆیان بە ستوونی کارەبادا کێشاوە و هەردووکیان دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.''
رووداوەکە ئێوارەی هەینی 19-04-2024 لە سێڕییانی مەرەغانی شارەکە روویداوە و بەگوتەی سیامەند محەممەدی، هۆکارەکەشی تیژڕۆیی بووە.
ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیان لەدەست دەدەن.
رۆژی 22-03-2024، تەیموور حوسێنی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندبوو، لە رۆژانی نێوان 15 بۆ 21ـی مانگ، لانیکەم 50 هەزار رووداوی هاتووچۆ لە سەرانسەری ئێران تۆمارکراون، کە بە هۆیەوە 321 کەس گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ