رووداو دیجیتاڵ
هەر چوار پارێزگارەکەی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەک بکەن. پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، پرسی کولتووری و بازرگانیی تاوتوێ دەکەن.
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەندامێتی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و شاکر حوسێن، بەڕێوەبەری کاروباری ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ژمارەیەک کۆبوونەوە دەکەن و پەیوەندییە ئابووری، بازرگانی و کولتورییەکان تاوتوێ دەکەن.
شاندەکە لەسەر بانگهێشتی ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە بووە. هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند: "ئامانجی سەردانەکە کۆبوونەوەی خولیی پارێزگا هاوسنورییەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ سنە، کرماشان و ورمێ".
لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، رەحمان رەزایی، پارێزگاری ورمێ، مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان و ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە دەبن.
پارێزگاری سنە دوای رێوڕەسمی پێشوازی لە لێدوانێکدا بۆ میدیا رایگەیاند، "کۆبوونەوەی پارێزگارانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە سنە بە ئامانجی کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە ئالوگۆرە سنوورییەکان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابووری و کولتوورییەکانی نێوان لایەنەکان بەڕێوەدەچێت."
ئارەش لهۆنی گوتی: "ئەم کۆبوونەوەیە کە یەکەمین جارە لە شاری سنە بەڕێوەدەچێت، هەوڵێکی ستراتیژییە بۆ دابینکردنی مۆدێلێکی گونجاو بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق."
بە گوتەی پارێزگاری سنە، خەڵکی پارێزگای سنە و کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندییەکی لەمێژینە و قووڵیان لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیە. "خەڵکی ئێمە لەو پارێزگایانەی هاوسنوورن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ماوەیەکی زۆرە پێکەوە دەژین، پەیوەندی خێزانییان هەیە، پەیوەندییەکی دێرینیان هەیە و تەنانەت بازرگانیی تەقلیدیش لەو ناوچانەدا باو بووە."
ئارەش لهۆنی ئاشکرای کرد، دوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە لە سنە، شاندی پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە تارانیش.
پارێزگاری هەولێریش لە لێدوانێکدا بۆ میدیا رایگەیاند: "زۆر خۆشحاڵین کە وەک شاندێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کە پێکهاتووە لە پارێزگارەکانی ئەم هەرێمە، بە یاوەری ژوورەکانی بازرگانی سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی دەروازە سنوورییەکان، هاتووین بۆ کوردستانی ئێران."
ئۆمێد خۆشناو جەختی لە گرنگی کۆبوونەوەکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرد و گوتی: "ئەم کۆبوونەوەیە بە دڵنیاییەوە بۆ هەردوولا سوودی دەبێت، دەتوانین سوود لە ئەزموونی یەکتر وەربگرین. دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران فراوانتر بکەین و لەم پەیوەندیانە بۆ قازانجی هەردوولا کەڵک وەربگرین."
شاندەکە ئەمڕۆ لەگەڵ گەیشتنیان بە فڕۆکەخانەی سنە، لەلایەن پارێزگاری سنە و چەند بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە پێشوازییان لێکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ