کەم بارانی و دواکەوتنی 16 ملیار دینار زیانی لە جووتیارانی کۆیە داوە

20-05-2025
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کەم بارانی و دواکەوتنی، جووتیارانی دەشتی کۆیە رووبەڕووی زیانێکی گەورەی دارایی بوونەتەوە، کە بە زیاتر لە 16 ملیار دینار مەزەندە دەکرێت. زیانەکان زیاتر لە 36 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی لە ناوەندی قەزای کۆیە تاوەکو باوەقووبە گرتووەتەوە و جووتیاران ناتوانن گەنمەکانیان دروێنە بکەن، چونکە بەرهەمەکانیان بەکەڵک نایەت.
 
کامەران ئەمیر، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزای کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمە یەکەمجارە لە بەشێک لە دەشتی کۆیەدا شتێکی وا رووبدات، تەنانەت لە ساڵانی وشکەساڵیشدا دۆخەکە بەم شێوەیە نەبووە. ئەم ساڵ لە بەشێکی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکانی کۆیە دروێنە ناکرێت و زیانێکی زۆر بە جووتیاران کەوتووە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کۆیە، "پار جووتیارانی سنوورەکە 28 هەزار و 250 تۆن گەنمیان رادەستی بنکەی وەرگرتنی گەنمی کۆیە کردووە، کە سەر بە سایلۆی هەولێرە؛ بەڵام ئەم ساڵ زیاتر لە دوو هێندە کەم دەکات. جگە لەمەش، پار جووتیاران بەرامبەر گەنمەکانیان 21 ملیار و 753 ملیۆن دیناریان وەرگرت، بەڵام بە مەزەندەی ئێمە ئەم ساڵ ئەم بڕە تەنیا لەنێوان 4 بۆ 5 ملیار دینار دەبێت."
 
چەند گوڵە گەنمێک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
 
کامەران ئەمیر گوتیشی، "ئەگەر هەر بڕیارێک یان هاوکارییەک لە وەزارەتەکەیانەوە بۆ جووتیاران دەربچێت، ئەوان دەست بە جێبەجێکردنی دەکەن و دەبنە پاڵپشتییەکی سەرەکی بۆ جووتیارانی قەزاکەیان."
 
فەقێ فەتاح، جووتیارێکی تەمەن 70 ساڵە لە گوندی تیمارۆک، قسەی بۆ رووداو کرد و باسی لەوە کرد، "ئەم ساڵ بارانبارین دواکەوت، کاتێکیش باران باری، دەخڵودان هەمووی وشک ببوون و هیچ سوودێکی نەما. ئەم ساڵ دووجار زەویم کێڵاوە و بێ سوود بووە. 8 تۆن گەنمم چاند و 8 پیتاک کیمیاییم بەکارهێنا، زیاتر لە 25 ملیۆن دینارم خەرجکرد، بەڵام مایەپووچ بووم."
 
فەقێ فەتاح کە زیاتر لە 55 ساڵە جووتیارە، ئەوەی خستەڕوو کە زۆرترین زیانی لە ئەم ساڵدا بەرکەوتووە، "پار 25 تۆن گەنمم رادەستی سایلۆ کرد و 25 تۆنیشم لە دەرەوە فرۆشت، سەرەڕای ئەو کێشانەی لە وەرگرتنی گەنمەکانمان رووبەڕوومان بووەوە."
 
زەوییەکی بە گەنم داچێندراو. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
 
ئەو جووتیارە پێیوایە باشترین رێگەچارە بۆ وشکەساڵی و کەمئاوی، ئەوەیە "حکومەت پۆند و بەنداو دروست بکات، پلانی ستراتیژیی بۆ کەرتی کشتوکاڵ هەبێت."
 
لە قەزای کۆیە ئەم ساڵ بەگشتی لە تەقتەقەوە تاوەکو دەگاتە دێگەڵە و سماقووڵی، نزیکەی 102 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم داچێندراوە، بەڵام بەشێکی زۆری دەشتی کۆیە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.
 
گوڵێکی دانەوێڵەی وشکبوو. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
 
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کۆیە، لەو سنوورەدا زیاتر لە 13 هەزار و 430 جووتیار و 231 هەزار و 802 دۆنم زەویی کشتوکاڵی هەن.
 
رێژە باران بارین لەو سنوورە 204.9 میلـلیمەتر بوو بە پچڕپچڕی، بۆیە لە سنوورەکە پەڵەی نەداوە. پار رێژەی باران بارین 689.8 میلـلیمەتر بووە، کە بەراورد بە ئەم ساڵ بەپێی ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کۆیە نزیکەی سێ هێندە کەمی کردووە.
 
جووتیارێک لەنێو زەوییەکەیدا. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە