رووداو دیجیتاڵ
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڵێت، سوپای تورکیا لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان.
ناوەندی چاپ و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رۆژی سێشەممە 20ی ئایاری 2025 بڵاویکردەوە، سوپای تورکیا لە رۆژانی 17-18 سێ جار بە تۆپ و فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانیان لە ناوچەکانی مەتین و گارە لە هەرێمی کوردستان.
هەپەگە راشیگەیاند، گەریلاکان "لە چوارچێوەی مافی رەوای خۆیان" وەڵامی هێرشەکانی سوپای تورکیایان داوەتەوە.
لیوا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا 18ی نیسانی 2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە هەفتەیەکدا لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەی، سێ گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
هێرشەکانی سوپای تورکیا لە کاتێکدان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە 27ی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
12ی ئایاری 2025 پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.
زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رۆژی هەینی 16ی ئایاری 2025 لە هەڤپەیڤینێکدا بە (ستێرک تیڤی) راگەیاند، بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە تەنیا بۆ "کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری" دراون. ئاماژەی بەوەش کرد، "کەس باسی دانان و رادەستکردنی چەکی نەکردووە، چونکە ئێستا زەوینەی وەها لە ئارادا نییە."
زاگرۆس هیوا گوتیشی: "بەرلەوەی باسی دانانی چەک بکەین، دەبێت باسی پاشەکشەی سوپای داگیرکەری تورک لە خاکی باشووری کوردستان بکەین."
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار لەلایەن حکومەتی تورکیا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا؛ ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ