رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای ئەمساڵەوە رووفاتی 154 ئەنفالکراو لە بیابانەکانی عێراقەوە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرهێنراون و براونەتە دادپزیشکیی بەغدا و نەگەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان. بەرپرسێک لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراون دەڵێت، بەغدا هاوئاهەنگییان لەگەڵدا ناکات.
ئارام نووری، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەکاتی دەرهێنانی رووفاتەکان و بردنیان بۆ دادپزیشکی بەغدا، عێراق هیچ هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئێمەدا نەکردووە، لەکاتێکدا دۆسێکە پەیوەندی بە کورد و کوردستانەوە هەیە".
ئەنفال بە 8 قۆناخ بەڕێوەچوو، تێیدا نزیکەی 182 هەزار کورد کۆمەڵکوژ کران. لە گەرمیان لە 14ی نیسانی 1988 دەستیپێکرد و ئەو رۆژەش وەکو ساڵیادی ئەو شاڵاوە لە باشووری کوردستان دەستنیشان کراوە و یادی دەکرێتەوە.
ئارام نووری دەڵێت: "بەبێ ئاگاداریی ئێمە وەزارەتی شەهیدانی عێراق 154 رووفاتی ئەنفالیان دەرهێناوە و بردوویانن بۆ دادپزیشکی بەغدا، ئێستا لە گفتوگۆداین بۆ ئەو پرسە و تەواوی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دیکە، کە ناکرێت بێ هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێمە کاریان لەسەر بکرێت".
سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو رووفاتانە بۆ زێدی خۆیان لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان گوتی: "پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ژمارەیەکی کەم لە کەسوکاری ئەنفالکراوان لە چەمچەماڵ، گەرمیان و کۆیە کراوە و تاوەکو ئێستا ئەنجامەکانیان ئاشکرا نەکراوە".
لە ناوچەی تەلشێخەی سەماوە، 16-01-2025 هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ کۆتاییهات و رووفاتی 154 ئەنفالکراوی کوردی تێدا دەرهێندرا، دواتر رەوانەی دادپزیشکی بەغدا کران و تاوەکو ئەمڕۆ لەوێ دانراون.
بەهۆی ئاشکرا نەبوونی ئەنجامی پشکنینەکانەوە، تاوەکو ئەمڕۆ کاتی گەڕانەوەی رووفات و ئەو شوێنەی رووفاتەکانی لێ بەخاکبسپێردرێنەوە ئاشکرا نەبووە.
تاوەکو ئەمڕۆ رووفاتی 2441 هاونیشتمانی ئەنفالکراو گەڕێندراونەتەوە، لەو ژمارەیە 1745 کەس لە ئەنفالکراوانی سنووری پارێزگای سلێمانین کە لە 24 گۆڕی بەکۆمەڵدا دەرهێندران. هەروەها 696 رووفاتی جینۆسایدکراوانی بارزانە، کە بە سێ قۆناخ و لە 5 گۆڕی بەکۆمەڵ دەرهێندران.
ئەو رووفاتانەی لە پڕۆسەی ئەنفال و جینۆسایدکردنی کورددا تەرمەکانیان لە بیابانەکانی عێراقەوە تاوەکو ئەمڕۆ گەڕێندراونەتەوە لەم ناوچانە بەخاکسپێردراون:
چەمچەماڵ: 1010 رووفات
بادینان: 696 رووفات
گەرمیان: 399 رووفات
دووکان: 256 رووفات
تۆپزاوە: 80 رووفات
دوایین گەڕانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان، سەرەتای ساڵی رابردوو بوو، کاتێک دوای نزیکەی پێنج ساڵ رووفاتی 171 هاونیشتمانی ئەنفالکراو گەڕێندراوەیە هەرێمی کوردستان، کە ساڵی 2019ـەوە لە دادپزیشکی بەغدا بوون و لە بیابانی تەل شێخە دەرهێندرابوون.
ئەنفال لەلایەن هەریەکە لە عێراق، بەریتانیا، سوێد، نەرویج و کۆریای باشوورەوە بە جینۆساید ناسراوە. توێژەران و سیاسەتمەداران پێیانوایە، دەکرێت کاری زیاتر بکرێت بۆئەوەی ژمارەیەکی زیاتر وڵات وەکو جینۆساید دان بە تاوانەکەدا بنێن.
پەرلەمانی عێراق لە 14ی نیسانی ساڵی 2008دا، ئەنفالی وەکو جینۆساید ناساند. ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی سەردەمی دەسەڵاتی سەدامیش کە دەستیان لەو تاوانەدا هەبووە، لە سێدارەدراون، لەوانەش عەلی حەسەن مەجید لە ساڵی 2010.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ