رەوتێكی نوێی سیاسی لە سلێمانی رادەگەیێنرێت

20-05-2025
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
دیمەنێکی شاری سلێمانی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دیمەنێکی شاری سلێمانی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رەوتێکی نوێی سیاسی لە سلێمانی رادەگەیێنرێت. دامەزرێنەری سەرەکیی رەوتەکە دەڵێت دەیانەوێت ببنە وەڵامدەرەوەی ئەو پرسیارانەی تاوەکو ئێستا بێ وەڵامن. جەختیش دەکاتەوە "ئەگەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەشداربین، دەبینە دەنگی یەکلاکەرەوەی کورد". 
 
سێشەممە 20-5-2025 د. محەممەد ئەمین، دامەزرێنەری رەوتی داد و ئازادی، لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، لەبارەی دامەزراندنی رەوتەکەیانەوە گوتی، "دامەزاراندنی رەوتەکەمان وەکو وەڵامدانەوەیەکە بۆ ئەو پرسیارانەی وەڵام نەدراوەنەتەوە، لە بواری سیاسی و ئابووری و نیشتمانی، لەسەر ئاستی نەتەوەیی ئەگەر سەیر بکەین، دوای رووخانی سەدام، بڕیار بوو پرسی کورد تاهەتایی لە عێراق چارەسەر بکرێت، بەڵام نەک هەر نەکرا، بەڵکو خراپتر بووە". 
 
بڕیارە رەوتەکە ئەمڕۆ سێشەممە بە فەرمی خۆی رابگەیێنێت و پەیڕەو و پرۆگرامێکیان ئامادە کردووە کە پێکدێت لە چوار هەزار وشە، باسی کار و بەرنامەی خۆیان دەکەن لە سێکتەرە جیاوازەکاندا.
 
لەبارەی ئەو کەسانەی لەگەڵ رەوتەکەن، یان ئەوانەی دەبنە دەنگدەری ئەم رەوتە، د. محەممەد ئەمین ئاماژە بەوە دەکات "زۆربەی خەڵکی کوردستانمان لەگەڵدایە، ئەوانەی دەنگ نادەن یان دەنگیان نەداوە، سیستمی سیاسییان بایکۆت کردووە، چاومان لەوەیە دەنگی هەموو ئەو کەسانە بەدەست بهێنین و ئامانجی ئێمەن". 
 
رەوتی داد و ئازادی، بە سەرپەرشتی د. محەمەد ئەمین، مانیفێستی ئایدیۆلۆژیی خۆی بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە. مانیفێستەکە، تێڕوانینێکی گشتگیرە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، دادگەر و نیشتمانێکی سەروەر و دامەزراوەیی، جەخت لەسەر چەندین خاڵی سەرەکی دەکاتەوە کە ئابووری، سیاسەت، پەروەردە، تەندروستی و مافەکانی مرۆڤ دەگرێتەوە.
 
لەبارەی دەستەی دامەزرێنەرانیشەوە، د. محەممەد ئەمین روونیکردەوە "هەموو ئەو کەسانەی دامەزرێنەرن و لەگەڵمان بەشدارن، کەسانی چالاک و دیاری هەرێمی کوردستانن". 
 
رەوتی داد و ئازادی هێشتا بڕیاری نەداوە بەشداری بکات لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ و دەیانەوێت ئەو پرسە لەنێو لایەنگرانیان یەکلایی بکەنەوە، بەڵام دامەزرێنەری رەوتەکە دڵنیایە لەوەی " ئەگەر بەشداربین، دەنگی یەکلاکەرەوەی کورد دەبین لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەموو ئەو کەسانەی بەشدار نەبوون لە رابردوودا، دەنگیان بەدەست دەهێنین". 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە