رووداو دیجیتاڵ
خوشکی ئەو ژنەی لەلایەن هاوژینەکەیەوە بەدەستڕێژی گوللـە هێرشکرایە سەریان، گیانی لەدەستدا.
دلڤین چوار گولـلەی بەرکەوتبوو، دوو گولـلەیان بەر قاچی چەپی کەوتبوو، بۆیە پێش گیانلەدەستدانی قاچی بڕدرابووەوە.
دلڤین رەمەزانی 16 ساڵ کە قوتابیی پۆلی 7ی بنەڕەتی بوو، لە رووداوەکەدا بریندار بوو، گەیێندرابووە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکانی و ناجێگیریی تەندروستییەوە گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە بەهۆی ناکۆکیی ئەڤینی خوشکی گەورەی دلڤین لەگەڵ هاوژینەکەیدا بووە.
رەمەزان عەزیز، باوکی ئەڤین دەڵێت، "دوو شەو پێش ئێستا کچەکەمی بە خۆشیی خۆی هێنا، دوێنێ شەویش هات و گوتی ئەڤین هەستە با بڕۆینەوە. ئەڤینیش گوتی: بابە مەمنێرەوە، دەمکوژێت. منیش بە زاواکەمم گوت: ئەمشەو با نەیەتەوە و سبەی وەرەوە. تەلەفۆنم بۆ باوکی زاواکەم کرد و گوتم: ئەوانە کێشەیان هەیە؛ ئەویش گوتی: کوڕەکەم بنێرەوە و من چارەسەری دەکەم. دیارە کوڕەکە نەچووەتەوە ماڵی خۆی و چووبوو چەکی پەیداکردبوو، هاتەوە و دیارە دەرگە کرابووەوە و کچەکانیشم لە حەوشە دانیشتبوون، تەقەی لێکردن. باوکی زاواکەشم ئاگاداری کردم و گوتی: کاکە کوڕەکەم بە چەکەوە هات، دەرگەی لێ نەکەنەوە."
ئەڤین رەمەزانی 20 ساڵ و "هـ . ر"ی 19 ساڵ، تەنیا چوار مانگ بوو ئاهەنگی هاوژینییان کردبوو؛ ئەڤین ژنی ماڵەوە بوو، هاوژینەکەشی خوێندکاری قۆناخی دووەمی پەیمانگەیە لە بەشی کۆمپیوتەر. کاتی رووداوەکە تۆمەتبار هاوڕێیەکی لەگەڵ بووە و هەر بە چەکی هاوڕێکەشی تاوانەکەی ئەنجامداوە.
وەک ئاسایشی هەولێر دەڵێت، تۆمەتبار خۆی رادەست کردووە، ئەو هاوڕێیەشی چەکی پێداوە دەستگیر کراوە و دۆسیەکەیان رەوانەی دادگە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ