رووداو دیجیتاڵ
تۆمارکردنی چەکی هاونیشتمانییان تاوەکو 21ی تەممووز بەردەوام دەبێت. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، تائێستا تەنیا 140 پارچە چەک لە قەزای ناوەندی سلێمانی تۆمار کراون.
رۆژی پێنجشەممە 20-07-2023 سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی مدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، تائێستا نزیکەی 140 پارچە چەک لە جۆرەکانی دەمانچە و کڵاشینکۆڤ لە سنووری قەزای ناوەند تۆمار کراون.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، چەند رۆژی دوایی هاووڵاتییان بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیان زیاتر سەردانی نووسینگەکانی داماڵینی چەک دەکەن. دەشڵێت، "بەڵام ئەم ژمارەیە لە تۆمارکردنی چەک بۆ قەزای ناوەندی سلێمانی گونجاو نییە، هاووڵاتییان بە کەمی چەکەکانیان تۆمار کردووە."
لەبارەی هۆکاری تۆمارنەکردنی چەک لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، "دەبووایە ئەو بڕیارەی لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی نێوخۆ دەرچووە، جۆرێک لە متمانەی بە هاووڵاتییان دابووایە، کە ئەگەر ئەم چەکانە تۆمار بکرێن، دواتر مۆڵەتی هەڵگرتن بە خاوەنەکانیان دەدرێت، ئێستا نیوەی خەڵک سەرەڕای ئەوەی چەند روونکردنەوەیەکیشمان داوە، دوودڵە لەوەی چەکەکەی تۆمار بکات یاخود نا."
بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد، "بەردەوام هاووڵاتییان سەردانی نووسینگەکان دەکەن و رەنگە ژمارەی چەکی تۆمارکراو تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد بکات و ژمارەیان بگاتە دوو ئەوەندەی ئێستا."
بەپێی مادەی 15ی یاسای ژمارە 2ی چەک لە هەرێمی کوردستان، کە لە رۆژی 01-03-2022 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسند کرا، سزای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، یان دەستداریی چەکی ئاگرین یان تفاقکردنی، یان فرۆشتنی یان چاککردنەوە و دەستاودەستکردنی، بریتییە لە بەندکردن بە ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
بەگوێرەی یاساکە، ئەو کەسەی چەک هەڵدەگرێت، دەبێت تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر نەبێت و کێشەی دەروونی و جەستەیی نەبێت، پێشینەی تاوان و بابەتی ئەمنیی نەبێت، هەروەها پاساوێکی گونجاوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی چەک.
بە گوتەی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، زۆرترین چەک لە پارێزگای دهۆک تۆمار کراوە و لە پارێزگای سلێمانیش کەمترین هاووڵاتی چەکەکانیان تۆمار کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ