رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل فەرمانی بە فەلەستینییەکان کردووە، نێوەڕاستی کەرتی غەززە چۆڵ بکەن، هۆشداریی لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نزیک لە دژی چەکدارانی حەماس لە ناوچەیەکدا دا، کە "پێشتر ئۆپەراسیۆنی تێدا نەکردووە."
رۆژی یەکشەممە 20-07-2025، ئەفیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە پۆستێکدا رایگەیاند، پێویستە دانیشتووان و ئاوارەکانی ناوچەی دێر بەلەح دەستبەجێ ناوچەکە چۆڵ بکەن. ئەدرەعی گوتی: "ئیسرائیل چالاکییەکانی فراوان دەکات" و داوای لە فەلەستینییەکان کرد "بۆ سەلامەتیی خۆیان، بەرەو باشوور و ناوچەی مواسی لەسەر کەناری دەریای نێوەڕاست بڕۆن."
زۆربەی دانیشتووانی غەززە کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەسن، لانیکەم یەکجار لە ماوەی شەڕەکەدا ئاوارە بوون، فەرمانەکانی چۆڵکردنی ئیسرائیل بەشێکی زۆری کەرتی غەززەی گرتووەتەوە.
خێزانی بارمتەکان کە لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە لە غەززە دەستبەسەرن رایانگەیاندووە، نیگەرانن فراوانکردنی هێرشەکان و زیان بە ئازیزانیان بگەیەنێت. ئەوان داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل کردووە "بەپەلە بۆ هاووڵاتییان و خێزانەکان روونی بکەنەوە پلانی شەڕەکە چییە و چۆن بارمتەکان دەپارێزێت".
لە کۆی 251 بارمتە، هێشتا 49 کەسیان لە غەززەن و سوپای ئیسرائیل دەڵێت 27 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی رابردووی ئیسرائیل لانیکەم 7 کەسی لە شاری غەززە و باشووری کەرتەکە کوشتووە. هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکانی لە ناوچەی جەبالیای باکووری غەززە چڕکردووەتەوە و "دەیان تیرۆریستی" کوشتووە و "سەدان ژێرخانی تیرۆریستی" تێکداوە، لەنێویاندا تونێلێکی ژێرزەمین بە درێژایی 2.7 کیلۆمەتر.
هێرشەکەی حەماس لە ساڵی 2023 بووە هۆی کوژرانی 1,219 کەس. لە بەرامبەردا، هێرشی ئیسرائیل لانیکەم 58,765 فەلەستینیی کوشتووە، کە زۆربەیان سڤیلن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ