رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "چاوەڕێی بەغدا دەکەین مووچە بنێرێت و واز لە سزادانی بە کۆمەڵ بهێنێت."
رۆژی یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی کردنەوەی پرۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بە هەولێر گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لە چەند پرسێک کرد، لەنێویاندا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، هەناردەکردنەوەی نەوت، پڕۆژەی فریاگوزاری گەیاندنی خێرای ئاو و کارەبای 24 کاژێری.
مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا باسی لە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا و پرسی مووچە کرد و گوتی، "ئەوەی ئەرکی ئێمەیە بە زیادەوە جێبەجێمان کردووە و لەمەودواش ئامادەین هەر ئەرکێکی دەستووری جێبەجێ بکەین، بەڵام ئامادەنین واز لە مافە دەستوورییەکانمان بهێنین."
مەسرور بارزانی باسی لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و رایگەیاند، دوایین جار کە شاندێک بە بەشداری بافڵ تاڵەبانی و فوئاد حوسێن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبوونەوەیان کرد، بەغدا خاڵێکی دیکەی بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان بەغدا و هەولێر زیاد کرد.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، بەغدا پێی گوتوون، تاوەکو 230 هەزار بەرمیل رادەست نەکەن، مووچە نانێرن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، "بەغدا پێمان دەڵێت، نابێت هیچ داهاتێکتان هەبێت، بەڵام هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی بودجەی تایبەتی لە بەغدا هەبێت."
لەبارەی جیاوازییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەڕووی دەرچوونی پڕۆژەکانەوە، سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، عێراق "بڕیاری دروستکردنی 150 نەخۆشخانەی داوە هیچیان هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە."
لە وەڵامی ئەو کەسانەی دەڵێن، "داهاتی ناوخۆ چی بەسەردێت؟" مەسرور بارزانی رایگەیاند، "ئەم پڕۆژانە وەڵامی ئێمەیە بۆ ئەوان."
پرۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بە شاری هەولێر
مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی بە شاری هەولێر کردەوە و رایگەیاند، "دەستی کاری پرۆژەکە خۆماڵییە."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی گرنگی پرۆژەکە باسی لەوە کرد، "هەولێر چیدیکە پێویستی بە ئاوی ژێر زەوی نابێت."
مەسرور بارزانی لەنێو پڕۆژەکەدا باسی لە پڕۆژەیەکی دیکە کرد و رایگەیاند، "بەرنامەمان هەیە بۆ دووبارەبەکارهێنانەوەی ئاو بۆ ئاودێری باخچەکان و بەمزووانە دەستپێدەکەین."
کارەبای 24 کاژێری
مەسرور بارزانی لە درێژەی گوتارەکەیدا باسی لە کارەبای 24 کاژێری- پرۆژەی رووناکی کرد و رایگەیاند، "کێشەی کارەبا دەبێتە مێژوو"
لەوبارەیەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "زیاتر لە دوو ملیۆن کەس ئێستا سوود لە کارەبای 24 کاژێری وەردەگرن و 80٪ـیان کەمتر لە جاران پارە دەدەن."
مەسرور بارزانی گوتیشی، "کارەبای 24 کاژێری لەسەر حسابی شوێنەکانی دیکە نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ