رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی داتاکانی کەشوهەوای جیهانی، جارێکی دیکە عێراق وەک گەرمترین ناوچەی جیهان تۆمارکرا. ناوچەی عەلی غەربی لە باشووری عێراق بە تۆمارکردنی 48.5 پلەی سیلیزی، گەرمترین شوێنی سەر گۆی زەوی بووە. کەشناسیی عێراقیش بە ئاسایی دەزانێت.
بە گشتی 7 ناوچە و شوێنی عێراق لەنێو لیستی 15 گەرمترین ناوچەکانی جیهاندان، کە یەکێکیان قەزای بەدرەیە، دەکەوێتە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی لیستێک کە لەلایەن وێستگەی "پلەیسەرڤیل" لە کالیفۆڕنیای ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە و داتای 24 کاژێری رابردووی تاوەکو کاژێر 05:00ی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 20-07-2025ی تێدایە، زۆربەی گەرمترین شوێنەکان دەکەونە عێراق و ئێرانەوە.
قەزای عەلی غەربی، کە لە پلەی یەکەمدایە، دەکەوێتە سنووری پارێزگای میسان لە باشووری رۆژهەڵاتی عێراق و نزیکە لە سنووری ئێران.
شارە عێراقییەکانی نێو لیستەکە و پلەکانی گەرمایان:
• عەلی غەربی: (پلەی یەکەم) 48.5 پلەی سیلیزی
• عەمارە: (پلەی چوارەم) 48.1 پلەی سیلیزی
• فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە: (پلەی پێنجەم) 48.1 پلەی سیلیزی
• بەسرە - حوسێن: (پلەی حەوتەم) 47.8 پلەی سیلیزی
• ناسریە: (پلەی دەیەم) 47.5 پلەی سیلیزی
• فاو: (پلەی یازدەیەم) 47.4 پلەی سیلیزی
• بەدرە: (پلەی سێزدەیەم) 47.2 پلەی سیلیزی
قەزای بەدرە دەکەوێتە سنووری پارێزگای واست، یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
جگە لە شارەکانی عێراق، چوار شوێنی ئێران، دوو لە سعودیە، یەکێک لە کوێت و یەکێکی دیکەش لە جەزائیر لەنێو لیستی 15 گەرمترین شوێنەکاندان.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی جیهان کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانکاریی کەشوهەوایان لەسەرە. ئێستاش رووبەڕووی نزمە پاڵەپەستۆیەکی گەرمی وەرزی بووەتەوە، کە تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت."
عامر جابری ئەم بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایەی بە "ئاسایی" ناوبرد و گوتی: "لە هەفتەی رابردووەوە پلەکانی گەرما لە بەسرە گەیشتە 52 پلەی سیلیزی و لە چەندین پارێزگای دیکەش نزیک بووەوە لەو ئاستە."
پار لە 9 پارێزگای عێراق بەتایبەتی لە پارێزگانی باشوور 52 پلەی سیلیزی تۆمارکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ