رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری رێگە و شارسازیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، نزیکەی 200 نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەیان داخستووە لەبەر ئەوەی ناسەقامگیرییان لە بازاڕی خانووبەرەی ئەو پارێزگایەدا دروستکردووە.
موحسین حەمزەلوو، بەڕێوەبەری رێگە و شارسازیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، 7 هەزار و 180 نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە ورمێ هەن، رێکاری یاسایی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرپێچیکارەکان گیراوەتەبەر.
بەگوتەی موحسین حەمزەلوو، "ئەوانەی بازاڕی خانووبەرەیان تێکداوە، موڵکی گشتی دەکڕن و دەفرۆشن، بۆیە دەدرێنە دادگە، دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی 12 خاوەن نووسینگەی خانووبەرەی دەرکردووە." گوتیشی، "نزیکەی 200 نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەیان داخستووە" لەبەر ئەوەی ناسەقامگیرییان لە بازاڕی خانووبەرەی ئەو پارێزگایەدا دروستکردووە
حوسێن مەجیدی، داواکاری گشتیی ورمێ لەبارەی "دۆخی ناسەقامگیری بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە و موڵک" هۆشداری دابوو و، گوتبووی، "یەک لەسەر سێی ئەو سکاڵایانەی لە دادگەکان تۆمار دەکرێن، پەیوەندییان بە موڵکەوە هەیە."
حوسێن مەجیدی هەروەها گوتبووی "بازاڕی موڵک و خانووبەرە ناسەقامگیرە، نرخەکان بەشێوەیەکی نائاسایی بەرز دەبنەوە، هەوڵی خەڵکی بەرژەوەندیخواز و فێڵبازیش کێشەکانی بواری خانووبەرە و موڵکی زیاتر پەرەپێداوە."
موحسین حەمزەلوو ئاماژەی بەوەداوە، چاودێری و لێکۆڵینەوە بەسەر هەموو نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی چالاکییەکانی ئەم کەرتە سەقامگیر و رێکدەخرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ