رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، به تۆمهتی ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەت له ژمارەیەک ژن و كچ، تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، تۆمەتبارەکە پارەی لە هەندێک ژن و کچ وەرگرتووە، گوایە ڤیدیۆکانیان دەسڕێتەوە، بەڵام دواتر نەیسڕیونەتەوە.
رۆژی یەکشەممە 20ی ئابی 2023 نەقیب سەرکەت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە، کە دوای ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵێک ژن و کچدا قسەی کردووە و کردوونی بە هاوڕێی خۆی و داوای وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی لێکردوون، دواتر لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکاندا داوای پارەی لێکردوون.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، "تۆمەتبارەکە پارەی لە هەندێک لە ژنان و کچان وەرگرتووە و بەڵێنی پێداون وێنە و ڤیدیۆکانیان بسڕێتەوە، بەڵام هیچیانی نەسڕیونەتەوە؛ هەندێکیش بەڵێنیان پێداوە پارەی پێبدەن و هێشتا پێیان نەداوە و کەسەکە دەستگیر کراوە."
سەرکەت ئەحمەد لەبارەی چۆنێتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەوە گوتی، کاتێک بڕیار بووە پارە لە یەکێک لە ژنەکان وەربگرێت بۆئەوەی وێنە و ڤیدیۆی بڵاونەکاتەوە، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیر کراوە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، لە راگەیێندراوێکدا پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە و پشکنینی مۆبایلەکەی، دەرکەوتووە چهندین بهڵگهنامه، وێنه و ڤیدیۆی ئهو ژن و كچانەی تێدابووە کە ههڕهشهی لێكردبوون.
تۆمەتبارەکە ناوی (م، ج، ع) و لهدایكبووی 2003یە. بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیس، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بە بڕیاری دادوەر راگیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ