کشتوکاڵی هەولێر: رێگەنادەین گەنمی بازرگانی زیان بە گەنمی نێوخۆ بگەیێنێت

20-08-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک دەڵێت، لە ناحیەی رۆڤیاوە نزیکەی 500 تۆن گەنمیان هێناوەتە سنووری هەولێر و لە بازگەی خەبات رێگەیان پێ نادرێت بیهێننە هەولێر. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت، ئەوانە دەبێت گەنمەکان ببەنە دهۆک نەوەک هەولێر. دەشڵێت، داوایان کردووە بازگەکان تووندوتۆڵ بکرێن بۆئەوەی گەنمی بازرگانی تێکەڵی گەنمی جووتیارانی سنوورەکە نەکرێت.
 
رۆژی یەكشەممە 20ی ئابی 2023 هاونیشتمانییەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای ئەوەی گەنمەکانمان لەلایەن سایلۆکانەوە وەرنەگیران، ئێمە کە چەند کەسێکی خەڵکی رۆڤیاین ویستمان گەنمەکانمان بهێنینە هەولێر و لە کۆگایەک دایبنێین تاوەکو ساخی دەکەینەوە، بەڵام لە بازگەکانەوە رێگە نادرێت بیهێنینە هەولێر."
 
هاونیشتمانییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، گەنمەکە نزیکەی 500 تۆنە و لەنێو بارهەڵگردا لە بازگەی کەڵەکدا راگیراوە و پێیان گوتراوە، ناتوانن گەنمەکە ببەنە نێو هەولێرەوە و تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن گەنم ببەن، کە گەنمی کۆمپانیای خۆشناو بێت.
 
لەوبارەیەوە هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت،"هیچ بڕیارێکی لەو جۆرە نییە کە گەنمی کۆمپانیای خۆشناو نەبێت نەهێندرێتە هەولێر؛ داوامان کردووە کە بازگەکان تووندوتۆڵ بکرێن بۆئەوەی گەنمی بازرگانی نەهێندرێتە هەولێرەوە و جووتیارانی راستەقینە رووبەڕووی زیان ببنەوە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای خۆشناو رێککەوتنێکیان هەیە کە هەر گەنمێکی جووتیاران لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لەلایەن سایلۆکانەوە وەرنەگیرابێت ئەو کۆمپانیایە وەریبگرێت. گوتیشی، "ئەو کەسانە کە خەڵکی رۆڤیان دەتوانن گەنمەکەیان ببەنە پارێزگای دهۆک و لەوێ رادەستی کۆمپانیای بکەن؛ رێگە نادەین بازرگانان لەو رێککەوتنەی حکومەت و کۆمپانیای خۆشناو سوودمەندبن و زیان بە بەرهەمی جووتیارانی نێوخۆ بگات."
 
یەکێکی دیکە لە هۆکاری رێگری لە هێنانی گەنم لە سنووری قەزای خەباتەوە بۆ نێو هەولێر، رێگریکردنە لە هەوڵدان بۆ هێنانی گەنمی سووری لەو سنوورەوە.
 
ئەمساڵ حکومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی کوردستانی وەرگرت، کە 230 هەزار تۆن گەنمی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە؛ 145 هەزار تۆنی پارێزگای هەولێر و 125 هەزار تۆن گەنمی پارێزگای دهۆک بوو.
 
حکومەتی عێراق بۆ هەر تۆنێک گەنم 850 هەزار دیناری دەدا، بەڵام تەواوی گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرنەگرت و ئەو گەنمەی ماوەتەوە دەبێت جووتیاران بیدەن بە کۆمپانیای قەیوان لە سلێمانی و هەڵەبجە؛ خۆشناو لە هەولێر و دهۆک و لەوێ ساخی بکەنەوە، یان خۆیان لە بازاڕی ئازاددا بیفرۆشنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە