کوردستان
پەرلەمانتارێک دەڵێت، بەنداوەکە لە گوندی میسورییە لە شارەدێی قەرسک لەنێوان دۆڵی هەردوو چیای جودی و گابار
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی تورکیا بەنداوێکی نوێ لەسەر رووباری دیجلە لە سنووری شارۆچکەی جزیرێ لە شرنەخی باکووری کوردستان دروست دەکات.
رۆژی 16ی ئابی 2023 وەزارەتی ژینگە، شارسازیی و گۆڕانی کەشوهەوای تورکیا بە فەرمی رەزامەندیی دەربڕی بۆ دروستکردنی "بەنداوی جزیرێ" لەسەر رووباری دیجلە لە سنووری پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان.
وەزارەتەکە دوای راپۆرتی بەدواداچوونەکانی هەریەک لە وەزارەتی دارستان و کاروباری ئاو، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری بەنداوەکان، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری وزە، دەستەی کاریگەرییەکانی خاک و ئاوهەوا و لیژنەی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی و دەستە ناوبراوەکانی هەردوو وەزارەتەکە هەڵسەنگاندنی کۆتاییان بۆ کرد و رەزامەندییان پێدا کە لەڕووی زانستییەوە لارییان نییە و دەکرێت لەم شوێنەدا بەنداوەکە دروست بکرێت.
هەرچەندە کاتی دەستبەکاربوون بۆ دروستکردنی پرۆژەی بەنداوی جزیرێ ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی ئارسلان تاتار پەرلەمانتاری شرنەخی ئاکپارتی کە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەر) بڵاویکردووەتەوە، بەنداوەکە لە گوندی میسورییە لە شارەدێی قەرسک لەنێوان دۆڵی هەردوو چیای جودی و گابار لە شارۆچکەی جزیرێ دروست دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەنداوەکە بە سێ ساڵ تەواو دەکرێت، بەرزییەکەی 41 مەتر دەبێت و توانای گلدانەوەی 381 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی دەبێت. پرۆژەکە تەنیا بەنداوێکی ئاسایی نییە، بەڵکو پرۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا و ئاودێریی ناوچە کشتوکاڵییەکانیش دەبێت و لە چوارچێوەی پرۆژی ئاودێریی "گاپ" دەبێت.
پرۆژەی دروستکردنی بەنداوی جزیرێ لە 24ی ئایاری 2013 خرایە بەردەم حکومەتی تورکیا، بەڵام بەهۆی چەندین کێشەی جیاواز و خستنەڕووی پرۆژەی بەنداوی ئیلیسوو، پرۆژەکە هەڵپەسێردرا. رۆژی 29ی نیسانی 2019 دووبارە خرایەوە بەردەم حکومەتی تورکیا، بەڵام لیژنەی هاوبەشی هەڵسەنگاندنی کاروباری بەنداوەکان و دەستەی پرۆژە ستراتیژییە دوورمەوداکانی حکومەتی تورکیا سەرباری لارینەبوونیان، بەڵام بڕیاری دواخستنیان دا.
حکومەتی تورکیا لە رووباری دیجلە کە درێژییەکەی دوو هەزار و 800 کیلۆمەترە و درێژترین رووبارە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاوەکانی تا شەتوڵعەرەب دەڕژێت، شەش بەنداوی گەورە و دەیان پرۆژەی وێستگەی کارۆئاوی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا دروستکردووە.
بەنداوەکانی سەر رووباری دیجلە پێکدێن لە؛ دەڤەگێچیدی، ئیلیسوو، باتمان، دیجلە، کڕاڵکیزی و گەرزان.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە تورکیا و باکووری کوردستان 930 بەنداو هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ