رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات، هۆشداری دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، ئەگەر چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا نەکەن، ئەوا هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بۆ پێشمەرگە دەوەستێن، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان هاندەدات وەزیرێک بۆ کاروباری پێشمەرگە دەستنیشان بکات، کە نزیکەی ساڵێکە بێ وەزیرە.
رۆژی یەکشەممە، 20ـی ئابی 2023، ماتیو مکفارلن، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد، وەک پابەندییەک بە یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن، پێویستە هەنگاوەکانی ئەنجامدانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە خێرابکرێن، بۆ ئەوەش، هەنگاوی یەکەم دروستبوونی "ویستی سیاسی" سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانە بۆ دیاریکردنی وەزیرێک بۆ پێشمەرگە.
لیوا ئەمریکییەکە گوتی: "نەبوونی وەزیرێک بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، بووەتە هۆی لاوازبوونی دامەزراوەکە و پەککەوتنی بەرەوپێشچوونی هەوڵەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە،" گوتیشی: "ئێمە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاندەدەین کە وەک بەڵگەیەک لەسەر هەبوونی پابەندبوونی جیدی و یەکگرتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیرێک بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دیاریبکات."
ئەیلوولی ساڵی 2022، وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن یاداشتی لێکگەیشتنی نێوانیان بۆ چوار ساڵی دیکە نوێکردەوە. بە گوێرەی رێککەوتنەکە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان چاکسازی لە بواری رێکخستن و دارایی پێشمەرگەدا بکات و لە بەرامبەر ئەوەدا، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە رووی دارایی و سەربازییەوە.
مکفارلن لەو بارەیەوە هۆشداری دا و گوتی: "وەک هەر هەوڵێکی چاکسازیی دیکەی حکومەت، پێویستت بە سەرکردەیەکە بۆ ئەوەی پێشەوایەتیی چاکسازییەکە بکات. بێتوانایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەدەستهێنانی مەبەست، ئەنجامە سەرەکییەکان و قۆناخەکانی نێو یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، دەکرێت کاریگەریی نەرێنی بخاتە سەر توانای وەزارەتی بەرگریی [ئەمریکا] بۆ بەردەوامبوون لە پێدانی یارمەتیی ئەمنی بە وەزارەتی پێشمەرگە."
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لەسەر پشکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پار بەهۆی نەڕازیبوونی لە "دەستوەردانی پارتە سیاسییەکان" لە کاروباری وەزارەتی پێشمەرگە، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشكێشکرد. لەو کاتەوە وازی لە کارەکەی هێناوە، وێڕای ئەوەی کە دەستلەکارکێشانەوەکەی لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە قبووڵنەکراوە.
ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بوونەتە رێگر لە بەردەم دیاریکردنی وەزیرێکی نوێ.
مکفارلن گوتی: "هیوادارین سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دەست بخاتە ناو دەست بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەن لەوەی بەروەپێشچوون بە پێی یاداشتنامەکە بەدیدەهێنرێت و هاوکار بن لە دروستکردنی هێزێکی یەکگرتوو و پیشەگەری پێشمەرگە تاوەکو بتوانێت لەگەڵ هەموو هاوبەشەکان لە عێراق کاربکات بۆ مسۆگەرکردنی بەزاندنی بەردەوامی داعش."
کەی دوایین وادەیە بۆ چاکسازییەکان؟
لە بارەی ئەگەری بڕینی یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە، فەرماندە ئەمریکییەکە جەختیکردەوە: "ئەوە شتێکە کە ئێمە لە داهاتوودا بیری لێدەکەینەوە ئەگەر پێشڤەچوونێکی ئەوتۆمان نەبینی بەهۆی نەبوونی وەزیرێک بۆ کاروباری پێشمەرگە."
هاوکات لە بارەی ئەوەی کە چ کاتێکیان وەک دوا وادە بۆ چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دیاریکردووە، مکفارلن بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێمە لەنێو یاداشتی لێکتێگەیشتنەکدا کاتی دیاریکراومان هەیە بۆ ئەوەی کە چۆن ئامانجە دیاریکراوەکان بەدیبهێنرێن. ئەو خاڵانە زۆر بەڕوونی دیارکراون بۆ هەر کەسێک سەیریان بکات. دەمەوێت جەخت بکەمەوە لەوەی کە هەنگاوی یەکەمی هەر هەوڵێکی چاکسازی بریتییە لە دەستنیشانکردنی سەرکردەیەک کە بتوانێت پێشەوایەتی هەوڵەکە بکات."
لە ژێر چاودێریی وڵاتانی رۆژئاوا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە هەوڵەکانی چاکسازی کرد لە نێو هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە کۆیانبکاتەوە و لە چوارچێوەی حیزبیدا نەمێننەوە.
بە گوێرەی دوایین راپۆرتی پشکنەری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تاوەکو ئێستا 20 لیوای هاوبەش لە وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێنراون، کە 54 هەزار پێشمەرگە لە خۆدەگرن. 15ی ئەم مانگە، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دروستکردنی سێی لیوای دیکەی لەو جۆرە.
هێشتا نزیکەی 50 هەزار پێشمەرگەی سەر بە یەکەی 80ی سەربە پارتی و نزیکەی 50 هەزاری دیکەی یەکەی 80ی سەربە یەکێتی لە دەرەوەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگەن.
مکفارلن لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا گوتی: "ئەوەی ئێمە چاوەڕوانییەتین ئەوەیە کە وەک هەنگاوی یەکەم، سازان یاخود ویستیی سیاسی دروستبێت بۆ دەستنیشانکردنی وەزیرێک بۆ کاروباری پێشمەرگە،" چونکە "نەبوونی ئەو کەسە بووەتە هۆی خاوبوونەوەی چاکسازییەکان و دروستکردنی بارودۆخی نەخوازراو لە پڕۆسەی چاکسازییەکە،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "چاکسازی لە لایەنی رێکخستن و داراییشدا پێویستە. ئێمە لەگەڵ هاوبەشە جیاجیاکانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاردەکەین بۆ راوێژدان، یارمەتیدان و توانادارکردنیان. هەندێ بەرەوپێشچوون هەبوو، بەڵام ویستی سیاسیی زیاتر پێویستە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم چاکسازییانە."
"لێکەوتی جیدی"
ساڵیادی نوێکردنەوەی یاداشتی لێکگەیشتنەکە نزیکدەبێتەوە، کە لە 21ی ئەیلوولی 2022 لە هەولێر واژۆی لەسەرکرا.
هێزەکانی ئەمریکا لە رێگەی راوێژپێدان، مەشقپێکردن و توانادارکردن یارمەتیی پێشمەرگە دەدات و مانگانە نزیکەی 20 تا 25 ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی لیوا هاوبەشەکان تەرخان دەکات.
پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ لێکۆڵینەوە، کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، لە راپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەکات، "ئەگەر سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نەتوانن لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی پێشمەرگە جیدی بن، ئەوا لێکەوتەی جیدیی دەبێت،" هەروەها نووسیویەتی: "دڵنیاییدان و خاوەخاوکردن بۆ بەدەستهێنانی کات دادیان نادات. هەستێکی زەقی بێهیوابوون لە نێو ئەو بەرپرسە سەربازییە رۆژئاواییانەدا هەیە کە کار لەسەر چاکسازییەکان دەکەن. ئەوان دەزانن کە گرژییە مێژوویەکانی نێوان پارتی و یەکێتیی راستەقینەن، بەڵام نیگەرانی ئەوەن کە سەرکردە کوردەکان خەریکە لێدەگەڕێن دەرفەتێکی زێڕین دوای چەندین ساڵ لە پشتیوانیی بەجۆشی بیانی، لەدەستبچێت."
دەقی قسەکانی لیوا ماتیو مکفارلن، فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی
"پێشمەرگە هاوبەشێکی گرنگمان بووە لە ئەرکی هاوبەشی لەنێوبردنی داعش. وەکو خۆتان دەزانن، ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لە ئەیلوولی 2022 واژۆکرد، کە تێیدا هەردوولا لەسەر پڕۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە لە نێو وەزارەتی پێشمەرگە، ئامانجی ئەو چاکسازییانە، یەکخستنەوە و پیشەگەرکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بوو. بۆ گەیشتن بەو ئەنجامە، ئەمریکا خۆی پابەندکرد بە پێدانی یارمەتیی دارایی و پەرەپێدانی تواناکان تاوەکو ساڵی 2026. بەرەوپێشچوون بەرەو خاڵە دیاریکراوەکانی ئەم هەوڵانە، لە کۆبوونەوەی وەرزیی گرووپی هاوئاهەنگیی پێشمەرگەدا هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە. نوێترین پێداچوونەوە دەریخست کە وەزارەتی پێشمەرگە هەندێ بەرەوپێشچوونی هەبووە لە جێبەجێکردنی قۆناخەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە. بەڵام نەبوونی وەزیرێک بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بووەتە هۆی لاوازبوونی دامەزراوەکە و پەککەوتنی بەرەوپێشچوونی هەوڵەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە. دوای هەڵسەنگاندنە وەرزییەکەی تەممووز، راگەیێندراوێکمان بڵاوکردەوە و بێهیوابوونی خۆمان لەبارەی ئاستی بەرەوپێشچوون لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی چاکسازی دەربڕی. لە کاتێکدا کە چاومان لە هەڵسەنگاندنی داهاتووی ساڵانەی هەوڵەکانی چاکسازییە، ئێمە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاندەدەین کە وەک بەڵگەیەک لەسەر هەبوونی پابەندبوونی جیدیی یەکگرتوویی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیرێک بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دیاریبکات. وەک هەر هەوڵێکی چاکسازیی دیکەی حکومەت، پێویستت بە سەرکردەیەکە بۆ ئەوەی پێشەوایەتیی چاکسازییەکە بکات. بێتوانایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەدەستهێنانی مەبەست، ئەنجامە سەرەکییەکان و قۆناخەکانی نێو یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، دەکرێت کاریگەریی نەرێنی بخاتە سەر توانای وەزارەتی بەرگریی [ئەمریکا] بۆ بەردەوامبوون لە پێدانی یارمەتیی ئەمنی بە وەزارەتی پێشمەرگە. ئەمریکا وەک هاوبەشێکی درێژخایەنی عێراق، ئامانجێکی هاوبەشی هەیە بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. بۆیە پێویستە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە خێرابکرێن بۆ ئەوەی ئەو مەرجانەی لە نێو یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە رێککەوتنیان لەسەر کراوە، جێبەجێبکرێن. یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە پابەندییەکی دوو قۆڵییە و پێویستە هەردوو لا بە رۆڵی خۆیان هەستن بۆ ئەوەی سەرکەوتووبێت. هیوادارین سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دەست بخاتە ناو دەست بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەن لەوەی بەروەپێشچوون بە پێی یاداشتنامەکە و هاوکار بن لە دروستکردنی هێزێکی یەکگرتوو و پیشەگەری پێشمەرگە تاوەکو بتوانێت لەگەڵ هەموو هاوبەشەکان لە عێراق کاربکات بۆ مسۆگەرکردنی بەزاندنی بەردەوامی داعش."
"ئێمە لێرە هاوبەشی نزیکی هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بووین بۆ ماوەیەکی درێژ. ئێمە ئەو یاداشتەی لێکتێگەیشتنەمان داناوە کە بێگومان پێویستە هەردوو لا مەرجەکانی جێبەجێبکەن. ئەگەر ئێمە بەردەوامبین لە بینینی نەبوونی پێشڤەچوون، ئەوا بیر لەوە دەکەینەوە رێوشوێنی گونجاو بگرینەبەر بۆ دڵنیاییدان لەوەی کە ئێمە وەبەرهێنان لە شتێکدا دەکەین کە داهاتوویەکی لەباری هەیە. ئەوە شتێکە کە ئێمە بەردەوام قسەی لەسەر دەکەین لەگەڵ ئەو لایەنانەی لەم پڕۆسەیەدا بەشدارن بۆیە، ئەوە شتێکە کە ئێمە لە داهاتوودا بیری لێدەکەینەوە ئەگەر پێشڤەچوونێکی ئەوتۆ یان هیچ پێشڤەچوونێکمان نەبینی بەهۆی نەبوونی وەزیرێک بۆ کاروباری پێشمەرگە."
"ئێمە لە نێو یاداشتی لێکتێگەیشتنەکدا کاتی دیاریکراومان هەیە بۆ ئەوەی کە چۆن ئامانجە دیاریکراوەکان بەدیبهێنرێن. ئەو خاڵانە زۆر بەڕوونی دیارکراون بۆ هەر کەسێک سەیریان بکات. دەمەوێت جەخت بکەمەوە لەوەی کە هەنگاوی یەکەمی هەر هەوڵێکی چاکسازی بریتییە لە دەستنیشانکردنی سەرکردەیەک کە بتوانێت پێشەوایەتی هەوڵەکە بکات."
"خاڵەکانی یەکخستنەوە و چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا خراونەتەڕوو. ئەوەی ئێمە چاوەڕوانین ئەوەیە کە وەک هەنگاوی یەکەم، هەبوونی سازان یاخود ویستیی سیاسییە بۆ دەستنیشانکردنی وەزیرێک بۆ کاروباری پێشمەرگە. نەبوونی ئەو کەسە بووەتە هۆی خاوبوونەوەی چاکسازییەکان و دروستکردنی بارودۆخی نەخوازراو لە پڕۆسەی چاکسازییەکە. هەروەها چاکسازی لەلایەنی رێکخستن و داراییش پێویستە. ئێمە لەگەڵ هاوبەشە جیاجیاکانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاردەکەین بۆ راوێژکردن، یارمەتیدان و توانادارکردنیان. هەندێ بەرەوپێشچوون هەبوون، بەڵام ویستی سیاسیی زیاتر پێویستە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم چاکسازییانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ