رووداو دیجیتاڵ
خەم و دەردی دڵی 10 ساڵەیان لە چاوەڕوانیدا کۆکردووەتەوە. ئەمانە نوێنەرایەتیی نزیکەی 300 جووتیاری سنووری پارێزگای هەولێر دەکەن، کە تاوەکو ئێستا پارەی گەنمی ساڵانی 2015 و 2016 یان بە تەواوەتی وەرنەگرتووە.
سەلمان عەزیز، یەکێک لەو جووتیارانە، باس لە قەبارەی کێشەکە و کاریگەرییە مرۆییەکەی دەکات و دەڵێت: "پارەی گەنمی ساڵانی 2015 و 2016ی نزیکەی 300 جووتیاری هەولێر، کە گوژمەکەی زیاتر لە 3 ملیار دینارە، هێشتا بە تەواوی نەدراوە. هەندێک لە جووتیاران بە ئاواتی وەرگرتنی ئەو پارەیەوە گیانیان لەدەستدا. دەگوترێت پارەکە لە بەغداوە نەهاتووە، بۆیە ئەرکی وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی هەرێم[ی کوردستان] بوو لیژنەیەک پێکبهێنێت و روونی بکاتەوە کە ئایا پارەکە لە بەغدایە یان لە هەرێمی کوردستان."
لەکاتێکدا جووتیاران چاوەڕوانن، حکومەتی عێراق جەخت دەکاتەوە کە ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و دوای چەندین بەڵێن و دواخستن، لە ساڵی 2023دا شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی ناردووە و دەڵێت، پارەکە بێ کەموکوڕی رەوانە کراوە.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رایگەیاند: "وەزارەتی بازرگانیی عێراق تەواوی هەوڵی خۆی دا بۆ بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2015 و 2016 و لە ئەنجوومەنی وەزیران توانی ئەو پارەیە خەرج بکات. بەڵگە و داتامان لایە کە تەواوی شایستە داراییەکان لە رێگەی لقی کۆمپانیای گشتیی دانەوێڵەوە خەرج کراوە و وەزیری بازرگانیی عێراق لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئەو بابەتەی یەکلایی کردووەتەوە."
بەڵام لەگەڵ گوتەکانی بەرپرسانی بەغدا، بەپێی ئەو بەڵگە و سکاڵایانەی بەردەستن، لە کاتی دابەشکردنی پارەکەدا کێشەی کورتهێنانی نزیکەی یەک ملیار دینار بۆ ئەو 300 جووتیارەی هەولێر دروست بووە.
تاوەکو ئێستا 10 لەم جووتیارانە کۆچی دواییان کردووە و 290 جووتیارەکەی دیکەش، چاوەڕێی وەڵامی ئەو سکاڵایەن کە ساڵی رابردوو لە دژی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و سایلۆی هەولێر تۆماریان کردووە، بەڵام هێشتا چارەنووسی پارەکەیان نادیارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ