رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کتێبخانە، ئەرشیڤ و دەستنووسەکانی مامۆستا عەزیز گەردییان بە 136 ملیۆن دینار لە میراتگرەکانی کڕیووەتەوە. راشیگەیاند: "کێتب و دەستنووسەکان دەگوازینەوە بۆ کتێبخانەی زەیتوون."
مانگێک لەمەوبەر لە رێگەی رۆژنامەکانەوە، جاڕدانێک سەبارەت بە فرۆشتنی ئاشکرای کتێبخانەی د. عەزیز گەردی بڵاوکرایەوە، دادگەی بەرایی عەنکاوە، رۆژی 17ـی ئابی 2025 لە دانیشتنێکی کراوەدا بڕیاری لەسەر فرۆشتنی کتێبخانەکەی د. عەزیز گەردی دا.
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "سەرجەم دەستنووس، کتێبخانە و ئەرشیڤی مامۆستا عەزیز گەردییان کڕییەوە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، بخرێتە خزمەتی سوودی گشتی و دەستنووسەکانی چاپ و بڵاوبکرێنەوە."
دوێنێ بە بڕیاری دادگە کتێبخانەکە درا بە یەکێک لە میراتگرەکانی مامۆستا عەزیز گەردی. وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت، دواتر وەزارەتەکە سەرجەم کتێبخانە و ئەرشیڤ و دەستنووسەکانی لەو میراتگرە کڕییەوە.
ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەنێوان میراتگرەکانی مامۆستا عەزیز کێشە هەبوو و لەسەر نرخەکەی هاوڕا نەبوون، بۆیە دادگە 136 ملیۆن دیناری دیاری کرد و لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران وەزارەتی رۆشنبیریی کتێبخانە و دەستنووسەکەی کڕییەوە."
وەزارەتی رۆشنبیری لە دوای کۆچی دوایی مامۆستا عەزیز گەردییەوە، لەگەڵ سەرجەم میراتگرەکانی لەسەر هێڵ بوون و لێژنەیەک پێکهێندرابوو، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە سامانی کەلتووریی بەجێماوی مامۆستای کۆچکردوو بکەن.
لەو بارەیەوە بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت: "زۆر هەوڵماندا کە خانووەکەشی بکڕینەوە و هەر لە شوێنی خۆی وەکو مۆزەخانەیەک بیخەینە خزمەتی هاووڵاتیان و وەکو ئەرشیفێک بێت بۆ نەوەکانی مامۆستا عەزیز، بەڵام میراتگرەکانی خانووەکەیان فرۆشتووە، بۆیە دەبێت کتێبخانەکەی بگوازینەوە."
بە گوتەی ئاریان سەلاحەدین، بڕیارە کتێبخانەکە شوێنێکی تایبەتی بۆ دیاری بکرێت و بگوازرێتەوە بۆ کتێبخانەی زەیتوون، کە ئێستا نۆژەن دەکرێتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەو ئەرشیڤ و کتێبخانە دەوڵەمەندە، کە زیاتر لە 18 هەزار سەرچاوە و ناونیشانی جیا لەخۆدەگرێت، بخرێتە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی، کتێبخانەیەکی تایبەتیان بە ناوی "کتێبخانەی د. عەزیز گەردی" بۆ بکرێتەوە، هەروەها دەستنووسەکانیش چاپ و بڵاوبکرێنەوە.
عەزیز گەردی، نووسەر و وەرگێڕی کورد، رۆژی 6ـی حوزەیرانی 2022 لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی دواییکرد.
عەزیز گەردی کە ناوی تەواوی عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵایە، لە ساڵی 1947 لە هەولێر لەدایکبوو، لە ناحیەی بەحرکەی نزیک شاری هەولێر دەژیا؛ ژیانی هاوژینی پێکنەهێنابوو.
عەزیز گەردی هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە بوو و لە هەرزەکارییدا دەستی بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کوردی و بیانی کرد. نۆبەرەی بەرهەمەکانی عەزیز گەردی ساڵی 1968-1969 چاپ و بڵاوکرایەوە کە کتێبی رەوانبێژییە. دواتر کتێبەکانی ئەدەبی بەراوردکاری، پەخشانی کوردی، رابەری شیعری کلاسیکی کوردی و چەندین کتێبی دیکەی نووسی. لە ساڵی 1994 ماستەرنامە و لە ساڵی 1999 دکتۆرای بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ