هاونیشتمانییەکی رۆژئاوای کوردستان: لە هەولێرەوە دەیانەوێت رادەستی حکومەتی سووریام بکەنەوە

20-09-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، دوای ئەوەی بەهۆی پاسپۆرتی ساختەوە دراوەتە دادگە و دواتر ئازاد کراوە، لەلایەن نشینگەوە براوەتە فڕۆکەخانەی هەولێر بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوەی بۆ سووریا. بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێریش دەڵێت، "ناردنەوەی خەڵک لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە."
 
هاونیشتمانییەک بەناوی وارشین عەلی عومەر، خەڵکی پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانە، رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێش چەند رۆژێک لە زاخۆوە ویستم بچمە تورکیا، قاچاخچییەک پاسپۆرتێکی ساختەی بۆ هێنام و نەمتوانی پێی بچمە تورکیا و خۆم رادەستکرد، دواتر نێردرامە دادگە و 24ـی نیسانی 2023 دادوەر بێتاوانی منی راگەیاندن و پێبژاردنم دا، دوای نزیکەی شەش مانگ بانگکرام بۆ نشینگەی دهۆک کە رۆشتم منیان ناردە نشینگەی هەولێر، کە گەیشتم نەیانهێشت لەگەڵ کەس قسەبکەم و راستەوخۆ هێنامیانە فڕۆکەخانەی هەولێر و دەیانەوێت رادەستی حکومەتی سووریام بکەنەوە."
 
ئەو هاونیشتمانییە داوای هاوکاری دەکات و دەڵێت، "ئەگەر رادەستی حکومەتی سووریا بکرێم و ببرێمەوە خاکی سووریا جارێکی دیکە ناتوانم ئازاد ببم."
 
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ناردنەوەی خەڵک پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، بەڵکو لە دەسەڵاتی لایەنی پەیوەندیدار، بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە و وەزارەتی ناوخۆیە."
 
بەرپرسێکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەستگیرکردن لە دەسەڵاتی پاسپۆرت و نیشینگە نییە، ئەو کەسانەی پاسپۆرت یان مۆڵەتی مانەوەی ساختەیان هەبێت رادەستی دادگە دەکرێن، زۆر جار دادوەر بە نووسراو، ئێمە ئاگادار دەکاتەوە کە دڵنیای بکەینەوە بەڵگەنامەکە دروستە یان ساختە، بەگشتی بۆ هەر بابەتێکی ناردنەوە و ساختەکاری دادوەر بڕیار دەدات."
 
بەپێی ئامارێک، ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە هەن، 490 هەزاریان لە دەرەوەی کەمپەکانن و زیاتر لە 174 هەزار ئاوارەش لە 25 کەمپ نیشتەجێن، زۆرینەیان لە رۆژئاوای کوردستانەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، ئەو ئاوارانە بەهۆی شەڕی داعشەوە زێدی خۆیان جێهێشتووە و تائێستاش بە هۆکاری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەمنی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.