رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی تووشبوونی زەکەریا عەبدوڵڵا بە شێرپەنجە، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، قسەی لەگەڵ کردووە و تووشبوونی بەو نەخۆشییە رەتکردووەتەوە. کەسانی نزیکی ئەو هونەرمەندەیش دەڵێن: "لە دەرەوەی کوردستانە و تەندروستیی باشە".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی تووشبوونی هونەرمەندی دیاری کورد زەکەریا عەبدوڵڵا بە نەخۆشی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەمڕۆ لە نزیکەوە لە رەوشی تەندروستیی هونەرمەندم پرسی".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵڵا سوپاسی پارێزگاری هەولێری کردووە بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی و وێڕای رەتکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە، ئاماژەی بەوەداوە، تەندروستیی زۆر باشە و هەواڵی نەخۆشکەوتنەکەشی دوورە لە راستییەوە.
دوو کەسی نزیک لە هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵڵاش بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت: "هونەرمەند دۆخی تەندروستیی زۆرباشە و ئێستا لە دەرەوەی کوردستانە و هیچ کێشەی نییە".
چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە، هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵڵا تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ