ئاراستەی کوردساتی گۆڕان: ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنفرانسی گشتی دەکرێ

20-09-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئاراستەی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ، بڕیاری ''خۆئامادەکردن''یان بۆ بەستنی کۆنفرانسی گشتی داوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانج لە دیدارەکەی ئەمڕۆیان ئەوە بوو بتوانن لەگەڵ ئاراستەی گردی زەرگەتەی گۆڕان کاربکەن.
 
ئەمڕۆ شەممە 20-09-2025، ئاراستەی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی دیدارێکی بۆ ئەندامانی بزووتنەوەکە رێکخست. دوای دیدارەکە، دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی ئاراستەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''هەزار و 420 هەڵسوڕاو و گۆڕانخواز لە هەرێمی کوردستان، کەرکووک، ناوچە دابڕاوەکان و نوێنەرایەتیی رەوەندی کوردی، بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کردووە.''
 
دلێر عەبدولخالق ئاماژەی بەوە کرد، دیدارەکە ''هەوڵێکی رژد''ـە بۆ رێکخستنەوەی گۆڕان و ئامادەکاریش بوو بۆ بەستنی کۆنفرانسی گشتیی بزووتنەوەکە.
 
گوتەبێژی ئاراستەی کوردساتی گۆڕان ئاماژەی بە بڕیارێک کرد کە لە دیدارەکەدا دراوە و گوتی: ''بڕیار لە خۆئامادەکردن بۆ بەستنی کۆنفرانسی گشتی بە چاودێری و رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق درا.''
 
بزووتنەوەی گۆڕان بووەتە دوو ئاراستە؛ یەکێکیان بە گۆڕانی گردی زەرگەتە و ئەوی دیکە بە گۆڕانی کوردسات دەناسرێ. 
 
دلێر عەبدولخاڵق لەبارەی ئاراستەی گردی زەرگەتەی گۆڕانەوە دەڵێت: ''هاوڕێمانن و خاڵی هاوبەشمان هەیە. ئەم دیدارە بۆ ئەوە بوو بتوانین پێکەوە کار بکەین.''
 
ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر لە راگەیێندراوێکدا ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاندبوو: ''کۆبوونەوەکە نە کاری پێکەوەییە و نە بۆ ئاشتەواییە.'' 
 
گوتەبێژی ئاراستەی کوردساتی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو کە ''پردی پەیوەندی لەنێوان ئێمە و هاوڕێیانمان (ئاراستەی گردی زەرگەتە) هەیە. لە مێژووی کوردستاندا بۆمان دەرکەوتووە کە ناکۆکی و لێکترازان، خێری بۆ گەلەکەمان و هیچ قەوارەیەکی سیاسی نییە، بۆیە ئومێدمان هەیە بتوانین پێکەوە کاربکەین.''
 
دواجار و دوای دوو کۆنفرانسی جیای دوو ئاراستەکەی گۆڕان، 24ـی ئایاری 2025 لە شاری سلێمانی، کاژێر 08:00ـی بەیانی دەرگای چوونەژوورەوە بۆ کۆنفرانسی بزووتنەوە بە سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرایەوە، بەڵام بەهۆی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو ئاراستەکەوە کۆنفرانسەکە دواخرا.
 
بەگوتەی دلێر عەبدولخالق، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق مۆڵەتی پێداون تاوەکو 26-12-2025 کۆنفرانسی گشتی ببەستن، ''بۆیە بەشێک لەم دیدارە تایبەت بوو بە خۆئامادەکردن بۆ بەستنی کۆنفرانس.''
 
بڕیارەکەی کۆمیسیۆن رۆژی 25ی حوزەیرانی ئەم ساڵ دەرچوو. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.