رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند ساڵێک لە راگرتنی پڕۆژەکە، دووسایدکردنی رێگەی سلێمانی بۆ قەزای رانیە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەستیپێکردەوە. کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێت: "بە ئەزموونێکی زۆر و دیزانێکی نوێوە دەستمان بەکار کردووە".
ناوی پڕۆژەکە رێگەی (دووکان - چوارقوڕنەیە) و لە ساڵی 2009ـەوە بەردی بناخەی دانراوە. بڕیاربوو پڕۆژەکە بە سێ قۆناخ لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە جێبەجێ بکرێ، بەڵام یەک قۆناخیان تەواو کراو و پڕۆژەکە راگیرا.
کۆمپانیای گەردین کە تەنیا قۆناخی تەواوکراوی پڕۆژەکەی جێبەجێکردووە، جارێکی دیکە پڕۆژەکەی پێدراوە تاوەکو تەواوی بکات. ئەندازیار محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لە کۆمپانیای جێبەجێکار ئەمڕۆ بە تۆڕی مدیایی رووداوی گوت: "بە وردی و وزەیەکی نوێوە کار لە پڕۆژەکە دەکەین تاوەکو تەواو دەبێ".
ئەو بەشەی ماوە و کارکردن تێیدا دەستیپێکردووەتەوە 38 کیلۆمەترە. محەممەد ئەحمەد دەڵێ: "هەزار رۆژمان بۆ دانراوە بۆ تەواوکردن، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین پێش ئەو وادەیە تەواوی بکەین".
هەموو رێگەکە 53 کیلۆمەتر و نیوە؛ پێشتر 18 کیلۆمەتر و نیوی لەلایەن هەمان کۆمپانیاوە تەواو کراوە.
سەرپەرشتیاری کۆمپانیای جێبەجێکار لە پڕۆژەکە دەڵێت: "رێگەکە چیای دووکانی تێدەکەوێ و پێویستی بە چوارکیلۆمەتر بڕینە، ئەوەش بەهۆی بەنداوی دووکانەوە ناتوانین بە تەقینەوە بیکەین و دەبێت ببڕدرێ، ئەمە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پێویستیی کاتی زیاتر بۆ تەواوکردن".
ئەو ئەندازیارە دەڵێت: "لە بەشێکی پڕۆژەکەدا کە دیزاین کراوەتەوە پانی شەقامەکە لە هەشت مەتر و نیوەوە کردوومانەتە 12 مەتر".
کۆمپانیای جێبەجێکار 10 رۆژ کامێرای بۆ رێگەکەدا داناوە بۆ ئەوەی بزانێ چەند ئۆتۆمبێل بەو رێگەیەدا دەڕوات و چەندیان بارهەڵگرن. سەرپەرشتیاری کۆمپانیاکە دەڵێت: "ویستمان بزانین پانیی رێگە و بەهێزی قیرەکەی چۆن بێت باشە بەگوێرەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان".
پڕۆژەی رێگەی دووسایدی (دووکان - چوارقوڕنە) دەبێتە پڕۆژەی نێوان سلێمانی- رانیە، پێشتر رێگەی سلێمانی بۆ قەزای دووکان کراوە بە دووساید، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیەش، رێگەکە لە دووکانەوە بۆ رانیە و تاوەکو چوارقوڕنە دەبێتە دووساید.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ