رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، زۆر پڕۆژە لە دهۆک و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن؛ بە پێویستیشی دەزانێ هەوڵی زیاتر بدرێ بە مەبەستی پاکڕاگرتنی ژینگە و شار و شارۆچکەکان.
ئەمڕۆ شەممە، 20ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پارکی سەرهەڵدانی لە دهۆک کردەوە و لە گوتارێکدا رایگەیاند: "ساڵێک پێش ئێستا بەردی بناخەی ئەم پارکە دانرا؛ ئەمڕۆ بە شێوەیەکی زۆر جوان بۆ پێشوازیکردن لە خەڵکی دهۆک ئامادەیە."
پێشتر شوێنی پارکی سەرهەڵدان ناوچەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل بوو. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەم شوێنە بۆ ناوچەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل گونجاو نەبوو، بۆیە بڕیاردرا شوێنێکی پیشەسازی ئامادە بکرێ. ئێرەش بووەتە پارکێک بۆ دانیشتووانی ئەم ناوچەیە و خەڵکی دهۆکیش."
مەسرور بارزانی گوتی، ئەم پارکە لە رووی تەندروستی و وەرزشییەوە سوودی زۆری دەبێ، تەنانەت شوێنی تایبەت بە منداڵانیشی تێدایە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "زۆر پڕۆژەی باشتر لە دهۆک و هەموو پارێزگاکانی دیکەی کوردستان جێبەجێ دەکرێن."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی: "لەم ماوەیەدا کە لە دهۆک بووم، سەردانی هەندێک شوێنم کرد، وەک زاوێتە، سەرسەنگ، ئامێدی، شێخان، شاریا و بەنداوی دهۆک، بەڵام خاشاکی زۆرم بینی کە ئەمە لەگەڵ کولتووری ئێمە ناگونجێ. بۆیە داوا لە خەڵک دەکەم ژینگە و وڵاتی خۆیان بپارێزن و رێنوێنی بۆ گەشتیاران دەربکرێ بۆ پاراستنی ژینگە و کەشوهەوا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ