رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کەرکووک دەڵێ، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە میکانیزمێکی نوێ لە هەردوو بازگەی چیمەن و دارەمان جێبەجێ دەکرێ.
بەمەبەستی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەی بارهەڵگرەکان لە هەردوو بازگەی چیمەن و دارەمان، ئەمڕۆ لیژنەیەکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی سامی سوودانی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە سەردانی کەرکووکی کرد و لەگەڵ پارێزگار و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەم دواییانە لە هەردوو بازگەی چیمەن و دارەمان کێشە هەبوو، ئەمڕۆ لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی سامی سوودانی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە هاتە کەرکووک و ئەو کێشە و گرفتانە تاوتوێ کران، لەوانەش کێشەی بارهەڵگرەکان.
پارێزگاری کەرکووک گوتی، لە 1ـی مانگی 10ـەوە میکانیزمێکی نوێی کارکردن لە هەردوو بازگەکە جێبەجێ دەکرێ کە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری کەرەستەی بیناسازی، هاوردەکراو و ئۆتۆمبێلی کاسبکارانی کەرکووک دەگرێتەوە کە لە هەولێر و سلێمانییەوە کاڵا بۆ شوێن و دووکانەکانیان دەبەن.
رێبوار تەها گوتی، گرفتەکە چارەسەرکراوە و لە 1ـی مانگی 10ـەوە میکانیزمەکە جێبەجێ دەکرێ و فەریق سامی سوودانی خۆی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی دەکات.
پارێزگاری کەرکووک دڵنیایی دایە شوفێری بارهەڵگرەکان کە کێشەکەیان چارەسەرکراوە وکێشەکانیشی بۆ دوو هۆکار گەڕاندەوە. یەکەمیان، بەهۆی نۆژەنکردنی رێگەی سەرەکیی کەرکووک- سلێمانی. هۆکاری دووەم، لە هەردوو خاڵی پشکنیندا رۆتینی زۆری هەبووە، بەڵام لە 1ـی 10ـەوە ئەم رێکار و رۆتینانە نامێنن و بەگوێرەی میکانیزمی نوێ لە هەردوو بازگەکەدا کارئاسانی دەکرێ.
حکومەتی عێراق لە پارێزگا سنوورییەکان لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بازگەی داناوە، ئەوەش گرفتی گەورەی بۆ بارهەڵگر و بازرگانان دروستکردووە کە کاڵاکانیان رەوانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکەن. بازگەکانی بریتین لە چیمەن (لەنێوان کەرکووک و چەمچەماڵ)، دارەمان (لەنێوان هەولێر و کەرکووک) و بازگەی سەد (لەنێوان دهۆک و موسڵ).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ