رووداو دیجیتاڵ
لایەنە پەیوەندیدارەکانی گەشتوگوزار لە پارێزگاکان دەڵێن، بڕیاری زمانی کوردی لەسەر تابلۆکان وەکو خۆی جێبەجێ کراوە. تاوەکو ئێستاش 97.5٪ی شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان تابلۆکانیان کردووە بە زمانی کوردی.
لە مانگی ئابی ساڵی 2022ـدا، دەستەی گشتیی گەشتوگوزار زمانی کوردی کردە زمانی یەکەم و سەرەکیی سەر تابلۆکان، بڕیاردرا ئەو شوێنانەی زمانی کوردی بەکارناهێنن ئاگادار بکرێنەوە، دواتر بۆ جاری دووەم ئەگەر جێبەجێیان نەکرد، بۆ ماوەی حەوت رۆژ دادەخرێن و بۆ جاری سێیەمیش مۆڵەتیان لێ وەردەگیرێتەوە.
رۆژی شەممە، 20ـی ئەیلوولی 2025، نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئەو شوێنە گەشتیارییانەی لە هەولێر تۆمار کراون، پابەند کراون بەوەی کە زمانی کوردی لەسەر تابلۆکانیان، لیستی خواردن و رێنوێنییەکانیان و پسوولەی کاشێر هەبێت. هەر شوێنێک پێیەوە پابەند نەبێت، مۆڵەتی بۆ نوێ ناکرێتەوە؛ ئەگەر شوێنەکەش نوێ بێت، مۆڵەتی پێنادرێت."
لە پارێزگای هەولێر هەزار و 611 شوێنی گەشتیاری مۆڵەتیان هەیە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر دەڵێت: "لەو ژمارەیە 98٪یان تابلۆکانیان کردووە بە کوردی."
هەر لە ساڵی 2022ـدا بڕیاردرا 75٪ی ئەو کەسانەی لە کەرتی گەشتوگوزار کار دەکەن دەبێت خەڵکی هەرێمی کوردستان بن. لەوبارەیەوە نەریمان فازڵ دەڵێت: "ناتوانین راستەوخۆ 75٪ی دەستی کاری هەموو شوێنەکان بکەینە ناوخۆیی، بەڵام ئێستا لە هەولێر 50٪ی ناوخۆییە و تاوەکو کۆتاییی ئەم ساڵ دەبێتە 75٪."
هاوکات کیژان عەبدوڵڵا، لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی بە رووداوی گوت: "بە تەواوی وەک خۆی کار بەم بڕیارە کراوە و زیاتر لە 98٪ی شوێنە گەشتیارییەکانمان تابلۆکانیان کردووە بە کوردی، چونکە بڕیارەکە ناچارییە و دەبێت جێبەجێ بکرێت."
زیاتر لە هەزار شوێنی گەشتیاری لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون. بە گوتەی کیژان عەبدوڵڵا، سەرەتا چەند جارێک شوێنی سەرپێچیکار ئاگادار دەکرێتەوە؛ ئەگەر بەردەوام بوو، ئەوکات بەپێبژاردن سزا دەدرێت.
شەماڵ هرووری، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "95٪ی شوێنە گەشتیارییەکانی دهۆک تابلۆکانیان کردووە بە کوردی. بڕیارەکە زۆر بە باشی جێبەجێ کراوە، چونکە بەردەوام لەلایەن تیمەکانمانەوە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکرێت."
بە گوتەی هرووری، لە پارێزگای دهۆک نزیکەی 900 شوێنی گەشتیاری مۆڵەتیان هەیە و تۆمار کراون.
لە پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە 100 شوێنی گەشتیاری مۆڵەتیان هەیە. هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "99٪ی شوێنە گەشتیارییەکان تابلۆکانیان کردووە بە کوردی و لەلایەن لیژنەی پشکنینەوە بەردەوام چاودێری دەکرێن."
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو هەزار و 500 شوێن بە ناونیشانی بنکەی گەشتیاری تۆمارکراون، کە زۆرینەیان هۆتێل، رێستۆرانت و کافتریان.
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی 2023 ، 7 ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ هاوکات زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار گەشتیاری نێوخۆیی تۆمار کراون.
دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان پلانێکی 8 ساڵیی داڕشتووە، بۆ ئەوەی تاوەکو ساڵی 2030 ژمارەی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا بگەیێنێتە 20 ملیۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ