رووداو دیجیتاڵ
لە سێ رۆژی رابردووداو دووەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێ بەڕێوە چوو. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزاکە رایگەیاند، "لە ماوەی سێ رۆژدا 60 تۆن بەرهەم فرۆشراوە، کە زۆرترینیان برنجی ئاکرێ بووە."
رۆژی شەممە، 20ـی ئەیلوولی 2025، فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمشەو کاژێر 10:00 فێستیڤاڵەکە تەواو بوو، زۆر جیاوازتر لە ساڵی رابردوو بەڕێوە چوو، کە هەموو جۆرە بەرهەمێکی تێدا نمایشکرا و فرۆشرا؛ زۆرترین خواست لەسەر سماق، برنج و هەنجیری ئاکرێ بوو."
فێستیڤاڵەکە کاژێر 12:00ـی رۆژی 18ـی ئەیلوول دەستیپێکرد. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ گوتی، "تاوەکو ئەمشەو 60 تۆن بەرهەم فرۆشراوە؛ بەشی زۆری برنج، هەنجیر و سماق بووە."
بەپێی ئامارەکانی کشتوکاڵی ئاکرێ بۆ رووداو، لە ماوەی سێ رۆژدا بەرهەمەکان بەم شێوەیە فرۆشراون:
- برنجی خۆماڵی: نزیکەی 11 تۆن
- هەنجیر: 9.5 تۆن
- سماق: نزیکەی 7 تۆن
- هەنگوین: زیاتر لە 2 تۆن
- تەحینی خۆماڵی: 2 تۆن
- نزیکەی 30 تۆنی دیکەش بەرهەمەکانی دیکە بوون، وەکو جۆرەکانی میوە و شیر و بەرهەمەکانی.
لە فێستیڤاڵەکەدا نزیکەی 70 جووتیار و پێنج کۆمپانیای خۆراک بەرهەمەکانیان لە زیاتر لە 60 کەپردا نمایش کرد.
ئەندازیار هاروون، سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ماوەی سێ رۆژدا 30 هەزار گەشتیار سەردانی فیستیڤاڵەکەیان کردووە.
ئاکرێ بە هەنجیر، سماق و برنجی کوردی بەنێوبانگە. پار، نزیکەی حەوت هەزار تۆن هەنجیر، 10 هەزار تۆن برنج و پێنج هەزار تۆن سماقی هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ