رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەهۆی چاکسازییەوە لە وێستگەی بەرهەمهێنانی گاز، بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ سێ رۆژ هەزار و 600 مێگاوات کەم دەبێتەوە. بەرپرسێکی کارەبا دەڵێت، کار کراوە کە کاریگەریی لەسەر کارەبای 24 کاژێری نەبێت.
ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "کۆمپانیای دانەگاز لە رۆژانی (20-21-22)ی ئەم مانگە دەستدەکات بە چاکسازیی ساڵانەی خۆی لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی گاز و بۆ سێ رۆژ بڕی 300 ملیۆن پێ سێجا بەرهەمهێنانی گاز کەم دەبێتەوە و بەو هۆیەوە توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکانی کارەبا زیاتر لە 1600 مێگاوات كارەبای کەم دەبێتەوە."
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، لە بەشێکی زۆری هەرێمی کوردستان بەهۆی پڕۆژەی رووناکییەوە کە کارەبای کراوە بە 24 کاژێری، موەلیدەکان لابراون یان کاریان پێناکرێت.
یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کار کراوە سوود لەو کارەبایە وەربگیرێت کە هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت بۆئەوەی کارەبای 24 کاژێری بەردەوام بێت."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەر هێڵ دەبن بۆ کۆنترۆڵکردن و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر بەشداربووانی کارەبا."
بەگوێرەی پڕۆژەی رووناکی، "کارەبای 24 کاژێری گەیشتووە بە نزیکەی 4 ملیۆن کەس و زیاتر لە 50%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ