مەسرور بارزانی: بەغدا و کۆمپانیاکانی نەوت گەیشتوونەتە رێککەوتن

20-09-2025
پەیمان محەممەد
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. وێنە: پەیجی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەیسبووک
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. وێنە: پەیجی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەیسبووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێویستە بەغدا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال هەنگاو بنێت. ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیاکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن.

ئەمڕۆ شەممە 20-09-2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی دووسایدی شێخان - لالش لە پارێزگای دهۆک گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، ''بێگومان هەر کارێک بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانی خۆمان بکەین، کەمە، بەتایبەت بۆ ئەم دەڤەرە کە لە بواری مێژوویی، ئایینی و پێکەوەژیانەوە گەلێک گرنگە.''

مەسرور بارزانی ئاماژەی بە گرنگیی پاراستنی کوردانی ئێزدی کرد و گوتی، ''خوشک و برایانی ئێزدیمان بەشێکی رەسەنی کوردستانن و هەر وەک جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمووی، ئێزدی کوردی رەسەنن. بۆیە بە هیچ شێوەیەک لە یەکدی جیا نابینەوە.''

سەرۆکی حکومەت باسی لەوە کرد، پڕۆژەکە بە ستانداردێکی جیهانی جێبەجێ کراوە و ''ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش لە سنووری شێخان جێبەجێ دەکرێن کە هاتووچۆی هاووڵاتییان ئاسانتر دەکەن و رووداوە نەخوازراوەکانی هاتووچۆش کەم دەکەنەوە.''

بەردی بناخەی پڕۆژەکە 21-09-2024 دانرا، درێژییەکەی نزیکەی 10 کیلۆمەترە و بە گوژمەی زیاتر لە 26 ملیار دینار دروستکراوە.

''پێویستە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێ''

مەسرور بارزانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ژیانی کوردانی ئێزدی بە گرنگ ناودەبات و دەڵێت، ''هەولێکی جدیمان دا بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ بکرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی ژمارەیەک هێزی لەیاسادەرچوو و خۆسەپێنەوە جێبەجێ نەکراوە.''

سەرۆکی حکومەت داوا لە بەغدا دەکات ''هەنگاوی پێویست بنێت و ئاسانکاری بکات بۆ ئەوەی خوشک و برا ئێزدییەکانمان بە سەربەرزیەوە بگەڕێنەوە شنگال.''

لە هێرشی چەکدارانی داعشدا لە شنگال لە 3ی ئابی 2024دا، 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران. و بە هەزاران ئێزدیش ئاوارە بوون.

''گفتوگۆکانمان لەسەر پرسی مووچە بەردەوامن''

مەسرور بارزانی باسی لە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، ''گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر دابینکردنی بودجە و مووچە بەردەوامن.''

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد، ''زۆر جار گوتوومە، [ناردنی مووچە] هیچ ئاستەنگێکی لە بەردەمدا نەماوە، بە راستیش لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە هیچ ئاستەنگێک دروست نەکراوە. هەموو جار هەر بیانوویەک هەبووبێ، ئێمە هەوڵمان داوە نەیهێڵین، بۆ ئەوەی شایستەی دارایی خەڵکی کوردستان دابین بکرێت.''

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی بەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە. مەسرور بارزانی دەڵێت، ئاگادار کراوەتەوە کە لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانیان کردووە ''تێگەیشتن و رێککەوتن''ـێک دروست بووە و ''هیوام وایە لە رۆژانی داهاتوودا ئەو رێککەوتنە ببێتە واقیع و جێگەی رەزامەندیی هەموو لایەک. ئەوە دەبێتە دەستپێکێکی زۆر باش بۆ نەهێشتنی ئاڵنگاری و ئاستەنگەکان [ـی بەردەم ناردنی مووچە].''

مەسرور بارزانی هیوای خواست حکومەتی عێراق پابەندیی خۆی بەرامبەر شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکات و ''چیدیکە بابەتی مووچە نەبێتە سەردێڕی هەواڵی رۆژانە. هیوام ئەوەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەینە ئەنجامێکی ئەرێنی.''

سەڕەڕای ئەوەی 20 رۆژ لە مانگی ئەیلوول تێپەڕیوە، هێشتا بەغدا مووچەی مانگەکانی تەمموز و ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.