لە دوێنێوە چوار رۆژنامەڤان لە کەرکووک دەستگیرکراون

20-10-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، لە دوێنێوە، لەسەر سکاڵای پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک و بە پاساوی نەبوونی مۆڵەت، چوار رۆژنامەڤان دەستگیرکراون.

ئەمڕۆ هەینی، 20ـی ئۆکتۆبەری 2023، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوێنێ هێزێک لە گەڕەکی ئیسکان لە کەرکووک هەڵیانکوتاوەتە سەر نووسینگەی سایتی کەرکووک نیوز و چوار رۆژنامەڤانیان تێدا دەستگیر کردووە".
 
رێکخەری سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەکرد، "هێزەکە بە فەرمانی راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک ئەو چوار رۆژنامەڤانەیان دەستگیرکردووە بە پاساوی نەبوونی مۆڵەت، لەکاتێکدا پارێزگار خۆی هیچ مۆڵەتێکی نییە و گومان لەسەر شەرعییەتی دەسەڵاتەکەی هەیە؛ ناکرێت رۆژنامەڤان بەو پاساوە دەستگیر بکات".
 
رەحمان غەریب دەڵێت، ئەو رۆژنامەڤانانە سەرقاڵی دەرهێنانی مۆڵەت بوون و لایەنی پەیوەندیدار پێیان گوتوون، تاوەکو کۆتایی کارەکانی مۆڵەتوەرگرتن دەتوانن کار بکەن.
 
رۆژنامەڤانە دەستگیرکراوەکان بریتین لە ئەسکەندەر عەبدولخالق، عەبدولحەمید ئەحمەد، محەممەد قاسم و دلێر دەروێشن.  رەحمان غەریب دەڵێت، "تاوەکو ئێستا دیار نییە ئەو رۆژنامەڤانانە لە کوێن و لە کوێ دەستبەسەرکراون".
 
رێکخەری سەنتەری میترۆ "سەرکۆنەی" دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانەکانی کرد و گوتی، "هۆکاری سەرەکیی دەستگیرکردنیان کارەکەیان بووە، کە راپۆرتیان لەسەر دۆخی سیاسی و ژیانی کەرکووک کردووە".

 

رۆژنامەڤانانی کەرکووک سەرکۆنەی دەستگیرکردنی ئەو چوار رۆژنامەڤانە دەکەن و لە راگەیێندراوێکدا داوا لە دەزگا ئەمنییەکانی کەرکووک دەکەن بەزووترین کات ئازادیان بکەن، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، ئەوە کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر نێوبانگی دەزگا ئەمنییەکان و پەیوەندیی نێوان رۆژنامەڤان و ئەو دەزگایانە.
 
رۆژنامەڤانانی کەرکووک داوا دەکەن ئەگەر تۆمەتبارن، رۆژنامەڤانە دەستگیرکراوەکان رادەستی دادگە بکرێن و با دادگە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکات بەپێی یاسا. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.