رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 20ـی تشرینی یەکەمی 2023، لە رێگەی سەرەکیی نێوان دیلۆک – رووها لە نزیک شارۆچکەی نیزیپ لە باکووری کوردستان، مینی پاسێک بە خێراییەکی زۆر خۆی بە بارهەڵگرێکی شارەوانیدا کێشا. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای دیلۆک هۆکاری رووداوەکەی بۆ تیژڕۆیی پاسەکە گەڕاندەوە کە وایکردووە لە کۆنترۆڵ دەربچێت و خۆی بە بارهەڵگرەکەدا بکێشێت.
سەرجەم بریندارەکان بە خێرایی گوێزرانەوە نزیکترین نەخۆشخانە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، سێ کەس لەوان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەهۆی رووداوەکەوە ماوەیەک رێگە سەرەکییەکە داخرا و کێشەی هاتووچۆ و قەرەباڵخی دروستبوو.
رۆژی 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، ئاماری نۆ مانگی رووداوەکانی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 411 هەزار و 675 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ لەو رووداوانەدا دوو هەزار و 253 کەس گیانیان لەدەستداوە و 269 هەزار و 91 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ