رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای شێخان رایدەگەیێنێت، هەموو نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان لە پڕۆسەی دەنگدان لە قەزاکە رازین، ئاماژەی بەوەش کرد، رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان تاوەکو کاژێر 16:00، گەیشتووەتە 70%.
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان بە رووداوی گوت، لەکۆی 41 هەزار و 864 دەنگدەر، 28 هەزار و 876 کەس لە قەزاکە دەنگیداوە، واتە 70%ـی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، بەشداری دەنگدانیان کردووە. گوتیشی، "پێشبینی دەکەین بەشداریکردن لە دەنگدان 80% تێپەڕێنێت".
قایقامی قەزای شێخان ئاماژەی بەوەش کرد، "تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە و هەموو لایەنە سیاسییەکان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە قەزاکە رازین".
هەروەها سەردار شێخ یەحیا گوتیشی، کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر وایکردووە کە "ژمارەیەکی زۆر" لە دەنگدەران نەتوانن بەشداری لە دەنگدان بکەن و داواشی لە کۆمیسیۆن کرد کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات.
لە سنووری قەزای شێخان 17 بنکەی دەنگدان و 100 وێستگە هەن.
کاژێر 07:00ـی بەیانی ئەمڕۆ، دەرگای بنکەکان بۆ دەنگدانی گشتی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بە رووی دەنگدەراندا کرانەوە.
لە زۆرێک لە بنکەکاندا ئامێرەکانی وردبینی، پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران ناخوێنێتەوە و کێشەکەش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ