رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە سلێمانی لە بنکەیەکی دەنگدان دەنگی دا و دوای دەنگدان قسەی بۆ راگەیاندنەکان کرد و باسی لەوە کرد، ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگ دەبێت و بابەتێکی چارەنووسسازە، "چاوەڕوانین دوای هەڵبژاردن ئەنجامەکە قبووڵ بکرێت."
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتی، "سەرەتا دەبێت سوپاسی خودا بکەین کە گەیشتین بەم رۆژە، چونکە تەگەرە و کۆسپی زۆر هەبوو و دەویسترا زیاتر دوابخرێت؛ بەڵام رۆژێکی گرنگ دەبێت و بابەتێکی چارەنووسسازە. گەلی ئێمە پێویستی پێیەتی و تەنانەت حوکمڕانی و دەسەڵاتیش پێویستی بە نوێکردنەوە و سازدانی دۆخێکی جیاوازە، چونکە زۆر شت گۆڕاوە و زۆر شتیش پێویستی بە گۆڕانکارییە."
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئومێدی خواست، "دەنگدەر هۆشیارانە بچێت دەنگ بدات و رای خۆی دەرببڕێت، چونکە بابەتەکە بەرگەی لەوە زیاتر ناگرێت و هەر کەمتەرخەمییەکیش زیانەکەی بەسەر هەمووماندا دەشکێتەوە. بۆیە ئومێد وایە ئەمڕۆ ببێتە رۆژێکی مێژوویی گرنگ بەرەو چاکترکردن و گەشکردنەوەی دۆخی بژێوی و، هەموو ئەو گرفتانەی کە هەن خاوببنەوە و نەمێنن."
سەلاحەدین بەهائەدین رایگەیاند، "چاوەڕوانین دوای هەڵبژاردن ئەنجامەکە قبووڵ بکرێت و بە خێرایی هەنگاو بۆ پێکهێنانی پەرلەمان بنرێت، دواییش هەنگاو بۆ پێکهێنانی حکومەت بنرێت، نەک دابنیشن خاوەخاو بکەن و ساڵێکی پێبچێت، وەکو ئەوەی کە بووەتە باو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ