رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی هەڵەبجە رایگەیاند، کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆکەیان کراوەتەوە و دەرچووانی پۆلی 12 لە سبەیەوە دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن. راشیگەیاند، قوتابی بە کۆنمرەی 93 و زیاتر وەردەگرن. سەرۆکی زانکۆکە دەڵێت، نزیکەی 20 دەرچوو وەردەگرن.
زانکۆی هەڵەبجە، ئێوارەی دووشەممە راگەیێندراوێکی بە نێونیشانی "مزگێنییە گەورەکە" بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاند: "دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی ئاگادار دەکەینەوە، ئەوانەی خوازیارن لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی هەڵەبجە درێژە بە خوێندن بدەن، دەتوانن سەردانی زانکۆ بکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕم".
لە راگەیێندراوەکەدا زانکۆی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەو خوێندکارانەی کۆنرەیان لە 93 بەرەو سەرەوەیە مافیان هەیە فۆڕم پڕبکەنەوە و داوا بکەن لە کۆلێژی پزیشکیی بخوێنن".
د. بەمۆ پەروێزخان، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەکەم ساڵە کۆلێژی پزیشکی دەکەینەوە، ئەنجوومەنی زانکۆ بۆ پاراستنی کوالێتی بڕیاریانداوە بۆ یەکەم ساڵ 20 خوێندکار وەربگرن".
سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە گوتیشی: "ئەوانەی کۆنمرەیان 93 یان زیاترە، دەتوانن فۆرم پڕبکەنەوە، بەڵام ئەوانەی نمرەیان بەرزترینە لەپێشینەن بۆ وەرگرتن".
زانکۆکە دەڵێ، ئەوانەی خوازیارن لە کۆلێژەکە بخوێنن لە سبەی 21 بۆ 24ـی ئەم مانگە سەردانی سەرۆکایەتیی زانکۆی هەڵەبجە بکەن لە کاژێر 09:00ـی بەیانی بۆ 01:00ـی نیوەڕۆ.
ئەو قوتابییانەی دەچن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی خوێندن لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی هەڵەبجە، دەبێت کارتی نیشتمانی و بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕی پێبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ