رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی هیندستان لە هەولێر رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان "باش و ئەرێنین" و دەشڵێت، کوردستان دەتوانێت لە ئەزموونی سەرکەوتووی هیندستان لە بوارەکانی دیموکراسی، تەکنەلۆجیا و دەرمانسازیدا سوودمەند بێت.
لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی 'رۆژی هیوا جەمال'ی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی دووشەممە، برێجیش کومار، کۆنسووڵی گشتیی هیندستان لە هەولێر، باسی لە جەژنی دیوالی، رەوەندی هیندی و بوارەکانی هاریکاریی نێوان هەولێر و نیودێلهی کرد.
"دیوالی، سەرکەوتنی رووناکییە بەسەر تاریکیدا"
برێجیش کومار، ئاماژەی بەوە کرد کە جەژنی دیوالی کە دەکەوێتە ئەمڕۆ 20ی تشرینی یەکەم، "جەژنێکی گەورەیە، نەک تەنیا بۆ من، بەڵکو بۆ هەموو هیندییەکان و ئێستا بووەتە جەژنێکی جیهانی".
بە گوتەی کۆنسووڵی گشتیی هیندستان، فەلسەفەی دیوالی بریتییە لە "سەرکەوتنی رووناکی بەسەر تاریکیدا، سەرکەوتنی راستی بەسەر درۆدا و سەرکەوتنی چاکە بەسەر خراپەدا."
کومار چیرۆکی مێژوویی جەژنەکەی گێڕایەوە و گوتی، نەریتەکە بۆ گەڕانەوەی "لۆرد رام" دەگەڕێتەوە دوای ئەوەی پاشای ئەهریمەنەکان "راڤان"ی بەزاند و خەڵکی شاری "ئایۆدهیا" بە هەڵکردنی چرا پێشوازییان لێکرد. هەروەها، هەمان رۆژ بە دەرکەوتنی "لاکشمى" دادەنرێت.
ئەو دیپلۆماتە هیندییە گوتیشی، بە تێپەڕبوونی کات، جەژنەکە زیاتر بووەتە "فێستیڤاڵی رووناکی"، چونکە "رووناکی نیشانەی ژیانە، بەبێ رووناکی، نە ژیان، نە چاکە نامێنن".
رەوەندی هیندی و گێڕانی جەژن لە کوردستان
بە گوتەی کومار، نزیکەی 7 بۆ 8 هەزار هاووڵاتیی هیندی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. "رەوەندی هیندی لە کوردستان جەژنی دیوالی دەگێڕن، پەرستشی خۆیان دەکەن و لە چەندین شوێن کۆدەبنەوە."
کۆنسووڵی هیندستان دان بەوەدا دەنێت کە "جیاوازییەکی کەم" هەیە لەنێوان ئاهەنگگێڕان لە هیندستان و کوردستان و دەڵێت: "لێرە بیری خێزان و کەسوکارمان دەکەین و ئاهەنگەکە بەو قەبارە گەورەیە نییە، بەڵام هەستەکان هەمان شتن."
پەیوەندییەکان "لە زیادبووندان"
برێجیش کومار پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و هیندستانی بە "باش و ئەرێنی" ناوبردن و گوتی: "رێڕەوی پەیوەندییەکانمان بەرەو سەرەوە دەچن و لە ئاراستەیەکی باشدان. سەرکردەکانی هەردوولا لە بۆنە جیاوازەکاندا نامە و بۆچوون ئاڵوگۆڕ دەکەن."
سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کومار ئاماژەی بەوە کرد کە داتایەکی ورد لەنێوان کوردستان و هیندستاندا بەردەست نییە، بەڵام بازرگانی لەگەڵ هەموو عێراقدا "زۆر باشە". هیندستان بڕێکی زۆر نەوت لە عێراق دەکڕێت، کە بەشێکی لە هەرێمی کوردستانەوە دێت.
هەروەها، کومار هانی کۆمپانیا هیندییەکانی دا کە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن، بەتایبەتی لە کەرتی دەرمانسازی، پزیشکی، بیناسازی و تەکنەلۆجیای زانیاری.
کونسووڵی گشتیی هیندستان چەندین بواری بۆ گواستنەوەی ئەزموونی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
کومار گوتی، "ئێمە گەورەترین دیموکراسی و دیموکراسییەکی زۆر سەرکەوتووین... بێگومان کوردستان دەتوانێت لەو ئەزموونە سوودمەند بێت".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە کونسووڵخانەی هیندستان چەندین سکۆلەرشیپ پێشکەش بە خوێندکارانی کورد دەکات بۆ خوێندن لە هیندستان، هەروەها خولی راهێنانی کورتخایەن بۆ فەرمانبەران و خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی تەکنەلۆجیای زانیاری، کارگێڕی و دارایی دابین دەکات.
کومار ئاماژەی بەوە کرد کە فیلمی هیندی لە کوردستان جەماوەرێکی زۆری هەیە بەهۆی "لێکچوونی کولتوورییەوە" و گوتی: "سینەمای کوردی دەتوانێت فێربێت و هاریکاری بکات و بەشداری لە فێستیڤاڵەکانی فیلمی هیندیدا بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ