کەسێک بە تۆمەتی بردنی پارەی ژمارەیەک هاونیشتمانی لە قەڵادزێ دەستگیردەکرێ

20-10-2025
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک هاونیشتمانی لە دادگەی بەرایی پشدەر لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین سکاڵایان لەسەر کەسێک تۆمار کرد. سکاڵاکاران دەڵێن، هاونیشتمانییەکە "سەدان هەزار دۆلار"ی بردوون. پۆلیس دەڵێت، کەسەکە خۆی رادەستی یاسا کردووە و تاوەکو ئێستا چوار کەس بە فەرمی دەڵێن پارەیان بردراوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دۆسیەکە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە و لەسەر داوای سکاڵاکاران ئەمڕۆ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارەکە دەرچووە.
 
ئەو کەسانەی ئەمڕۆ لەبەردەم دادگەی پشدەر گردبوونەوە دەڵێن، "سەدان هەزار" دۆلاریان لای تۆمەتبارەکەیە، بەشێکیان کەرەستەیان پێفرۆشتووە و بۆ کارگەکە و بەشێکیش کاریان بۆ کردووە، وەکو شۆفێر یان کرێکار.
 
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کەسێک کارگەیەکی لە گوندی ئەشکەنە هەیە لە سنووری قەڵادزێ، کاری کردووە و خەڵکیش کاری بۆ کردووە، مامەڵەی لەگەڵ خەڵکدا هەبووە، دیارە هەندێک پارەی خەڵک کەوتووە لای و نەیداوە، بەڵام ئەوە نییە پارەی خەڵکی بردبێت و هەڵاتبێت".
 
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت: "پارەکان کەوتوونەتە لای تۆمەتبار لە ئەنجامی مامەڵەیاندا بووە، لەسەر سکاڵای چەند کەسێک ئەمڕۆ دادوەر بە گوێرەی مادەی 456 دەستبەرکردنی تۆمەتبارەکەی راگەیاند و ئەویش خۆی رادەستی پۆلیس کرد".
 
بەگوتەی شۆڕش ئیسماعیل، تۆمەتبارەکە کارگەی تواندنەوەی مسی هەبووە و ئەو پارەیەی لایەتی پارەی کەرەستەیە، کە کڕیویەتی و پارەکەی نەداوە.
 
شۆڕش ئیسماعیل دەڵێت: "کەسەکە بۆ خۆی هاتووە، بۆ ئێمە هێشتا روون نییە کە پارەی کاشی لە خەڵک وەرگرتووە یان نا، ئەوەی ساخبووەتەوە دوو کارێکار کاریان بۆ کردووە و پارەیان وەرنەگرتووە، کە یەکێکیان خاوەن پێداویستی تایبەتە، دوو کەسی دیکەش سکاڵایان هەبووە، کە کەرەستەیان پێداوە و پارەیان وەرنەگرتووە، بەڵام دادگە لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە