رووداو دیجیتاڵ
لە ئێوارەی دوێنێوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، پەیامنێرانی رووداو رووماڵی لێکەوتنەکانی بارانەکە دەکەن. لە هەولێر لە بەشێکی شەقامەکان ئاوی پەنگی خواردووەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی نەبووە. پەیامنێرانی رووداو لە سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و شارەکانی دیکە دەڵێن، تاوەکو کاژێر 09:00ـی بەیانی باران بارین هیچ ئاستەنگییەکی هاتووچۆی دروست نەکردووە.
لە ئێوارەی دوێنی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی شارەکان مەترسی لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاوی زۆر هەیە، بەتایبەت شاری هەولێر، چونکە شەپۆلەکە سبەینێ سێشەممە لاواز دەبێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی مەترسییەکانی لافاوەوە ئەمڕۆی کردووە بە پشووی فەرمیی. پەیامنێرانی رووداو لە هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و شارەکانی دیکەوە رووماڵی دۆخەکە دەکەن و نوێترین زانیاری دەخەنەڕوو.
لە چەندین شەقام و گەڕەکی هەولێر ئاو پەنگی خواردووەتەوە و بەرزبووەتەوە، هەڵەبجە سەعدوون لە یەکێک لە شەقامەکانی هەولێر و لە نزیک یاریگەی فرانسۆ هەریری لە شەقامی شەست مەترییەوە گوتی، ئەو شەقامەی ئەوی لێ وەستاوە ئاوێکی زۆر پەنگی خواردووەتەوە و ئەو شۆفێرانەی شەقامەکە بەکاردەهێنن دەبێت لەسەرخۆ و بە وریاییەوە شۆفێریی بکەن.
پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو لە شەقامێکی دیکەی هەولێرەوە گوتی، لەو شوێنەی ئەو رووماڵی تێدا دەکات "ئاوێکی زۆری تێدا کۆبووەتەوە" و رێگەنادرێت ئۆتۆمبێلی بچووک پێیدا بڕۆن و تیمە فریاگوزارییەکانیش بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ پاککردنەوەی شەقامەکان کردنەوەی رێڕەوی ئاوەکان.
"لە سلێمانی و دهۆک هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووینەداوە"
هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی گوتی، باران بەردەوامە و هیچ لافاو و پەنخواردنەوەیەکی ئاو لە شارەکە دروست نەبووە، بەڵام پێشبنینی دەکرێت بۆ نیوەڕۆ مەترسی لافاو یان پەنگخواردنەوەی ئاو لە چەند گەڕەکێکدا هەبێت.
پەیامنێری رووداو لە سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکارییان کردووە بۆ رێگری لە لافاو و گوتی، "ساڵانی رابردوو نزیک شەقامی شەست مەتری و نزیک فامیلی مۆڵ لافاو دروست دەبوو، ئەم ساڵ بە دروستکردنی ئاوەڕۆیەک لەلایەن شارەوانییەوە دۆخەکە چارەسەر بووە. لە نزیک نەخۆشخانەکانی هیوا و بەخشینیش لە شەقامی شەست مەتری ئامادەکاری بۆ روونەدانی لافاو کراوە، چوونکە ساڵی رابردوو ئاو چووبووە نێو نەخۆشخانەی هیواوە".
هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە دهۆک ئاماژەی بە بارانبارینی چەند کاژێری رابردوو کرد و گوتی، هۆڵێکی وەرزشی کە چوار نهۆمە بەهۆی بارانبارین و رەشابەوە زیانی مادیی بەرکەوتووە. گوتیشی، دهۆک کراوە بە پێنج بەشەوە و هەموو بەشەکان کاری خۆیان دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەکانی لافا و پەنخواردنەوەی ئاو.
پەیامنێری رووداو لە دهۆک دەڵێت، ئەم ساڵ هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووینەداوە و ئەو شوێنانەشی ساڵانی رابردوو لافاوی تێدا بووبێت ئەمڕۆ هیچ پەنخواردنەوەیەکی ئاویشی نەبووە.
لە هەڵەبجە، سۆران و رانیە "لافاو یان پەنگخواردنەوەی ئاو نەبووە"
سازگار ساڵح، پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجەوە گوتی، لە هەڵەبجە بارانی باش دەبارێت بەڵام هیچ کێشەیەک بۆ هاونیشتمانیان و رێگەکانی هاتووچۆ دروست نەکردووە.
ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئامادەباشیدابوون و ئامادەکارییان کردووە بۆیە هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووینەداوە و گرفتیش بۆ هاونیشتمانیان دروست نەبووە.
هاوکات ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە رانیەوە گوتی، ئێستا بارانێکی بەڵێزمە دەبارێت؛ لە ئێوارەی دوێنیوە ناوبەناو بارانی باش باریوە و هیچ رووداوێکی نەخوازراو روویەنداوە و پەنگخواردنەوەی ئاویش نەبووە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، شەپۆلە بەشێوەی بارانی مامناوەند و بەلێزمە تاوەکو سبەی بەردەوام دەبێت و سبەی سێشەممە، 21-11-2023 شەپۆلەکە لاواز دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی چەندین جۆر رێنوێنی هاونیشتمانیان دەکەن بۆ خوارپارستنیان لە لافاو و کاتی روودانی لافاو؛ کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تیمەکانیان بەردەوام لە ئامادەباشیدان بۆ رێگریکردن لە زیانی ئەگەرەکانی لافاو.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر چەند رێنوێنییەکانی هاونیشتمانیان دەکات بۆ کاتی لافاو و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کە ئەمانەی خوارەوەن:
- لافاوی خێرا ئاستی ئاوەکەی زوو بەرز دەبێتەوە؛ چاوەڕێ مەکە تاوەکو ئاو بەرز دەبێتەوە.
- لە ناوچە نزمەکان دوور بکەونەوە.
- دەبێت شۆفێران بە رێگەی لافاودا شۆفێری نەکەن.
- مادە مەترسیدارەکان (وەک بۆیاخ، رۆن، قڕکەر و پێداویستی پاککردنەوە) بگوازنەوە بۆ شوێنی بەرزتر.
- ئامێرە کارەباییەکان لەکارەبا بکەنەوە.
- ئەگەر تەڕ بوویت یان لەنێو ئاودا وەستایت، دەست لە هیچ کەرەستەیەکی بارگاوی و کارەبایی مەدە.
- ناچار نەبوون شۆفێری مەکەن.
- ئۆتۆمبێلەکە وەستا، وازی لێ بهێنە. ژیانی خۆت گرنگترە.
- دوور بکەونەوە لەو شوێنانەی کە پێشتر لافاویان تێدا دروستبووە.
- دوور بکەونەوە لە هێڵەکانی کارەبا، وایەری کارەبا و کێبڵە بارگاوییەکان.
- هەرگیز هەوڵ مەدەن بەنێو ئاوی کۆبووەوەدا بڕۆن یان مەلە بکەن؛ لەبەر ئەوە مەترسی زۆری تێدایە.
- ئەگەر ئاوی کۆبووەوە لە سەرووی پاژنەی پێیەکانتەوەیە بووەستە و رێگەیەکی دیکە بگرەبەر.
- رێگە نەدەن منداڵان لە ئاوی کۆبووەوە و مەنهۆڵەکان نزیک بکەونەوە.
- ئەگەر خانوو یان باڵەخانەیەک لافاوی بەرکەوت، پێش چوونە ژوورەوە پشکنین بکەن بۆ سەلامەتیی خۆتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ