رووداو دیجیتاڵ
زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ماوەی چوار رۆژیان بۆ د. سەروەر عەبدولڕەحمان داناوە بۆ ئەوەی لە کەناڵی رووداوەوە داوای لێبووردن بکات؛ دەشڵێن، بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرنەبەر.
لە دیبەیتێکی تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی 16ی ئەم مانگە پێشکێشکرا، د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە باسی وەرگرتنی تایبەت (قبووڵی خاس) و راییکردنی مامەڵەی نایاسایی دەکەن. لە بەرامبەردا د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، چەند نووسراوی خستنەڕوو و گوتی کە ئەوانە بەڵگەی وەرگرتنی خوێندکارانن بە نووسراوی 'موختار' و بەردەوام رێنماییەکان گۆڕاون. هەروەها زانکۆ تایبەتەکانی بە "مارکێت" ناوبرد.
رۆژی پێنجشەممە، 20ی تشرینی دووەمی 2025، د. ئەمجەد سابیر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان - هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە ئەو قسەیەی د. سەروەر بە ناوزڕاندن (تەشهیر) دەبینین و وەکو 18 سەرۆکی زانکۆی تایبەت ئەو یاداشتەمان بڵاوکردووەتەوە؛ لە ئەمڕۆوە تاوەکو چوار رۆژی دیکە دەبێت داوای لێبووردن بکات، بەپێچەوانەوە پەنا دەبەینە بەر یاسا."
سەرۆکی زانکۆی جیهان - هەولێر گوتی: "چەندین سەرکردە و کادر لەو زانکۆیانە دەرچوون، ئەم زانکۆیانە شانبەشانی زانکۆ حکومییەکانن و ئەرکی حکومەتیان کەمکردووەتەوە، ئایا ئەمە لەبری سوپاسکردنە؟ ئەم گوتەیە زۆر قورس و گرانە بۆ هەموو ئەو کادر، مامۆستا و پڕۆفیسۆرانەی لەو زانکۆیانە دا کار دەکەن."
18 سەرۆکی زانکۆی تایبەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "زانکۆ تایبەتەکان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وەک دامەزراوەیەکی فەرمی ناسێنراون و هاوشانی زانکۆ حکومییەکان رۆڵی گرنگیان لە بەرزترکردنەوەی ئاستی زانستیی وڵات دا هەیە. ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانن کادری کارامە، شارەزا و پڕچەکی گونجاو بە سەدەی 21 بەرهەم بهێنن. لە هەندێک پێوەردا، هەندێک زانکۆی تایبەت تەنانەت بوونەتە نموونەیەکی بەرزی زانستی بۆ زانکۆ حکومییەکانمانیش."
زانکۆ تایبەتەکان گشتاندن لە پێشاندانی ئاستی زانکۆ تایبەتەکان و پۆلێنکردنیان بە هەمان ئاست، بە کارێکی "نازانستی و ناپڕۆفیشناڵانە" دەزانن کە هەر لایەنێک بیکات. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "چەندین پێوەری زانستی هەن، کە دەبێت ئەم پۆلێنە لەبەرچاو بگرێت؛ ساڵی رابردوو چەندین دەرچووی بەشێک لە زانکۆ تایبەتەکان لە ئاستی جیهانیدا لە وڵاتانی ئەورووپا، ئەمریکا، ئوسترالیا و چین، کێبڕکێی کورسیی خوێندنی باڵایان کردووە. بەشێکی زۆریان خاوەن کاری خۆیانن و هاوکات دەرفەتی بازاڕ و کارکردنیان بۆ دەرچووی دیکە رەخساندووە."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "کەسانێک کە رۆژێک بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەم زانکۆیانە نەبووە و ئاستیان رێگر بووە لە هەبوونی چانسێک، کە ببنە بەشێک لەو زانکۆیانە، بێ پشتبەستن بە بنەمایەکی ئەکادیمی و زانستی، پەنایان بردووەتە بەر تۆمەتبەخشینەوە و ناوزڕاندنیان، بە مارکێت ناویان دەبەن."
سەرۆکی زانکۆ ئەهلییەکان ناوبردنی زانکۆکانیان بە "مارکێت" لەلایەن د. سەروەر عەبدولڕەحمانەوە بە "تەشهیر و ناوزڕاندن" دەزانن و دەڵێن، "دەبێت لە ماوەی چوار رۆژدا لە هەمان کەناڵی میدیاییەوە (رووداو) پۆزش بهێنێتەوە و بەفەرمی داوای لێبووردن بکات، بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی دەگرنەبەر".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ