رووداو دیجیتاڵ
قایمقامەکانی پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان و چۆمان لە باشووری کوردستان دەڵێن، لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بازاڕێکی هاوبەش لە خاڵی سفری دەروازەکەدا دەکەنەوە و کۆڵبەران و هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێت کڕین و فرۆشتن بکەن بێ مۆری پاسپۆرت دەتوانن کاری تێدا بکەن.
لوقمان خوسرەوپوور، قایمقامی پیرانشار لە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "لەگەڵ بەرپرسانی دەروازەی حاجی ئۆمەران رێککەوتووین کە بازاڕچەیەکی هاوبەش لە دەروازەکەدا بکەینەوە".
ئەحمەد بارزان، قایمقامی قەزای چۆمان لە پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "گفتوگۆ کراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە بۆ کردنەوەی بازاڕەکە، لە هەوڵداین".
قایمقامی چۆمان گوتی: "ئامانجمان نەهێشتنی قەرەباڵخییە لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، کە ئێستا کۆڵبەران بێ شومار هاتووچۆ دەکەن و قەرەباڵخییەکی زۆر لەسەر بەشی پاسپۆرتی دەروازەکە دروست بووە".
ئەحمەد بارزان ئاماژەی دا بەوەی بازاڕەکە لە خاڵی سفری دەروازەکەدا دەبێت و بەهۆیەوە قەرەباڵخی لەسەر پاسپۆرت نامێنێت. گوتیشی: "بەشوێن میکانیزمێکەوەین کە بە رێکوپێکی کارەکان بکرێن و نەبێتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵخی و پشێوی".
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بازاڕەکە لە خاڵی سفر دەبێت، خەڵک لە دیوی هەرێمی کوردستان و دیوی ئێرانەوە دەتوانن لە بازاڕەکەدا شتومەک دابنێن و کڕین و فرۆشتن بکەن، ئەوکاتە پێویست بە بەشی پاسپۆرت نابێ".
گوتەبێژی دەروازەکە گوتی، رێککەوتنی کۆتاییان نەکردووە. ئاماژەی بەوەشکرد: "ئامانجی سەرەکی کردنەوەی بازاڕەکە لابردنی قەرەباڵخییە لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، کە بەهۆی کۆڵبەرییەوە دروستبووە".
نزیکەی دوو مانگە بەهۆی رێگەدان بە کارکردنی کۆڵبەران بە شێوەی یاسایی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، قەرەباڵخییەکی زۆر دروست دەبێت، بە جۆرێک رۆژ هەیە زیاتر لە 3000 کۆڵبەر هاتووچۆ دەکەن، ئەوەش ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و بازرگانی دروستکردووە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر 18ی ئەم مانگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەسەر هێڵین لە رێگەی لیژنەکان و سەرپەرشتیارانی دەروازەکانەوە بۆ نەهێشتنی قەرەباڵخی، لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەنجامی گفتوگۆکان دەردەکەون، ئەوەی لە بەرژەوەندیی خەڵک و هاتووچۆ بێت بڕیاری لەسەر دەدرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ