رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی رایدەگەیێنێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی ترسی لە بەهێزبوونی محەممەد شیاع سودانی هەیە و بۆ خولی دووەم لایدەدات. جەختیش دەکاتەوە، "یەکێتی بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ناکات" و دەشڵێت، "پارتی براوەی یەکەمە و دەبێت دەستپێشخەری بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-11-2025، ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ی تۆڕی میدیایی رووداو، شرۆڤەی دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد.
سەبارەت بە داهاتووی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئارێز عەبدوڵڵا رایگەیاند: "چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان نایانەوێت کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیران کە ببێتە خاوەن پێگەی جەماوەری و حیزبی بەهێز لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەوان."
ئارێز عەبدوڵڵا گوتیشی: "ئەگەر سودانی حیزبی دروست نەکردایە و نەچووبایە نێو هەڵبژاردن، رەنگە چانسی هەبووایە، بەڵام ئێستا کە ژمارەیەک کورسی هێناوە و دەسەڵاتی بۆ خۆی زیاد کردووە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە مەترسی دەزانن و بە دڵنیاییەوە لایدەدەن."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی رەخنەی لە شێوازی چوونی لایەنە کوردییەکان بۆ بەغدا گرت و ئاماژەی بەوە کرد، کورد بە "پەرتەوازەیی" گفتوگۆکان دەکات. ئەو گوتی: "ئەگەر کورد بە یەک دەنگ بچووبایەتە بەغدا، پێگەی زۆر بەهێزتر دەبوو، بەڵام ئێستا یەکێتی و پارتی بە جیا گفتوگۆ دەکەن و شیعەکانیش ئەمە وەک دەرفەتێک دەقۆزنەوە."
لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، ئارێز عەبدوڵڵا جەختی کردەوە، ئەو پۆستە بۆ کورد "هێمایەکی گەورەیە" و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستبەرداری نابێت. گوتیشی: "پێموانییە یەکێتی رازی بێت پۆستی سەرۆککۆمار بداتە پارتی، وەک چۆن پارتیش پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی لایە."
لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئارێز عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا، دواکەوتنی زیاتر زیان بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت و رایگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەمە و ئەرکی ئەوانە دەستپێشخەری بکەن بۆ گفتوگۆ. ناکرێت چاوەڕێ بکەین تاوەکو بەغدا یەکلایی دەبێتەوە، ئینجا حکومەتی هەرێم پێکبهێنین، چونکە ئەمە زیان لە نێوماڵی کورد دەدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ