رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ زیاتر لە 50 دینار دابەزی. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان دەڵێت: "بەنزینی حکومیی زۆر بووە و نرخی دابەزاندووە".
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دابەشکردنی بەنزینی حکومیی کواڵیتی بەرز لیتری بە 750 دینار زیادیکردووە و بووە بەهۆی دابەزینی نرخی بەنزینی بازرگانی".
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمڕۆ لە 34 بەنزینخانەی هەولێر بەنزینی حکومی دابەش دەکرێت.
جەنگی مەجید گوتی: "ئێستا نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵی کوالێتی بەرزی بازرگانی بە کۆ 820 بۆ 825 دینارە و لە بەنزینخانەکان بە 860 بۆ 875 دینار دەفرۆشرێت".
نێوەڕاستی مانگی رابردوو نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بەرزبووەوە بۆ 950 دینار.
ئەوکات نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی گوت: "دابەشکردنی بەنزینی حکومیی بۆ زیاتر لە دوو هێندە لە بەنزینخانەکان زیاد زیاد دەکرێت و نرخی بازرگانی دادەبەزێنێت".
لە سلێمانی نرخی بەنزینی نۆرماڵ جێگیرە و لیتری لەنێوان 900 بۆ 925 دیناردایە.
جگە لە بەنزینی نۆرماڵ، لە هەرێمی کوردستان بەنزینی موحەسەن و سوپەریش هەن و لیتریان لەنێوان هەزار و 100 دینار بۆ هەزار و 400 دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ