رووداو دیجیتاڵ
لە درێژەی دەستبەسەرکردنی بەرپرسانی شارەوانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی شار لە دروودی لوڕستان، ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنی شارەکە دەستبەسەرکرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ی تشرینی دووەمی 2025 موسلم ئەڵماسی، داواکاری گشتیی شاری دروود لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی، هێزەکانی هەواڵگریی سوپای پاسداران ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنی شاری دروودیان بە تۆمەتی گەندەڵی، سەرپێچیی کارگێڕی و خراپبەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی دەستبەسەرکردووە."
موسلیم ئەڵماسی ناوی ئەو بەرپرسە ئاشکرا نەکرد، بەڵام بە گشتی تاوەکو ئێستا 3 ئەندامی ئەنجوومەنی شاری دروود و سێ کارمەندی شارەوانی دەستبەسەرکراون.
موسلیم ئەڵماسی گوتی، بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپبەکارهێنانی بەرپرسیارێتییان لە ئەنجوومەنی شار و شارەوانیی دروود و وەرگرتنی بەرتیل، بەڵگە هەیە کە دەستبەسەرکراوان لە سەرچاوە گشتییەکان و پڕۆژەکانی شارەوانی پارەیەکی زۆریان بۆ خۆیان بردووە.
میدیای ئێران لە زاری بەرپرسانی ئەمنیی شارەکەوە بڵاویکردەوە، دەستبەسەرکردنی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی شاری دروود و کارمەندانی شارەوانی لە درێژەی بەدواداچوون و دۆزینەوەی کەسانی گەندەڵ و سەرپێچیکار لەنێو دامودەزگا حکومییەکانی پارێزگاکەدا بووە.
بە گوتەی داواکاری گشتیی دروود، دۆسیەکە لە قۆناخی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدایە و بەوردیی و خێرایی کاری لەسەر دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ