رووداو دیجیتاڵ
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، لە رووی یاساییەوە سوودانی و تەیف سامی دەتوانن چوار مووچەی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن، بەڵام دەشڵێت، مەترسی فەوتانی دوو مووچەی ئەم ساڵ هەیە.
د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، "ئێستا هیچ کێشەیەکی دارایی راستەقینە لەنێوان هەولێر و بەغدا نییە. ئەوەی هەیە، کێشەی دەستکردە و لە نەزانینەوە دروست بووە، کە زیاتر لە لایەن عێراقەوەیە، بەڵام شاندەکانی هەرێمی کوردستانیش کە دەچنە بەغدا، دەبێت بۆیان روونبکەنەوە."
ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، مووچەی 8 مانگیان وەرگرتووە.
بریکارەکەی پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق گوتی، ئێستا مەترسیی نەناردنی دوو مووچەی ئەم ساڵ لە لایەن بەغداوە هەیە. بەڵام حکومەتی عێراق لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی فەرمانبەرانی خۆی، مووچەی ئەو دوو مانگە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش دەنێرێت.
د. فازڵ نەبی باسی لەوەشکرد، لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک کاتێک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، مەسرور بارزانی گوشاری زۆری کردووە ئەو مووچە دواکەوتووانەش بنێردرێن و نەخرێتە ساڵی داهاتوو.
بە گوتەی د. فازڵ، لە رووی یاساییەوە، حکومەتی عێراق هیچ کێشەیەکی یاسایی بۆ دروست نابێت ئەگەر ئەو دوو مووچە دواکەوتووە بنێرێت و نابێت سوودانی و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەم رووەوە ترسیان هەبێت.
ئەو دەشڵێت، بەغدا "زوڵمێکی گەورەی لە هەرێمی کوردستان کردووە، چونکە دەبووایە بودجەی هەرێمی کوردستان خەرجبکەن نەک تەنیا مووچە".
پێشتر حکومەتی عێراق نەناردنی مووچە، یان دواخستنی بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە کە پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجە خەرجکردووە و هیچ پارەیەک نەماوە خەرجبکرێت، بەتایبەتی ئەو دوو مووچەیەی کە ناردنیان دواکەوتووە.
د. فازڵ دەڵێت، ئەمە "بیانوویەکی بێبنەمایە"، چونکە بودجەی عێراق سێ ساڵییە، بەڵام بڕگەی هیچ بودجەیەک لە ساڵێکەوە ناچێتە ساڵێکی دیکە. گوتیشی، بەغدا لە مانگی پێنجی ئەم ساڵەوە گوتوویەتی کە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە نەماوە، بەڵام مووچەی مانگەکانی دواتری نارد، ئەوەش پێچەوانەی قسەکەی خۆیان دەسەلمێنێت.
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق گوتیشی، "جێبەجێکردنی یاسای بودجە هیچ پەیوەندیی بەوەوە نییە حکومەت کاربەڕێکەر بێت یان نا. حکومەتی کاربەڕێکەر تەنیا لە هەندێك بابەت کێشەی دێتە پێش، وەکو نەتوانینی قەرز و خەرجی لە دەرەوە".
فازڵ نەبی پێشیوایە لەو کاتەی بۆ ئەم ساڵ ماوە، حکومەتی عێراق دەتوانێت چوار مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت؛ بەڵام پێناچێت عێراق "نیەتی هەبێت دوو مووچە دواکەوتووەکە [جگە لە مانگەکانی 11 و 12] بنێرێت".
لەبارەی کێشەی نەختینە لە عێراقیش، د. فازڵ نەبی گوتی، "تاوەکو نرخی بەرمیلێک نەوت لە سەرووی 55 دۆلارەوە بێت [ئێستا نزیکەی 64 دۆلارە]، عێراق هیچ کێشەی دارایی و نەختینەیی نییە و دەتوانێت بەبێ کێشە مووچەی هەرێمی کوردستانیش بنێرێت".
رۆژی چوارشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2025 سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراقەوە 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خرایەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
چەند خولەکێک دواتر وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئەیلوول خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.
رۆژی سێشەممە 18-11-2025 رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت جێبەجێ کردووە، لەوانەش مانگانە رادەستکردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی بە بەغدا لەکاتی خۆی، پرسی میزان موراجەعە و لیستی مووچە، هەمووی بە رێکوپێکی کراوە و هیچ کێشەیەک نەماوە لەلایەن هەرێمی کوردستان و هیچ پابەندییەک نەماوە جێبەجێی بکات، بۆیە دەبێت ئەوانیش ئەو چوار مووچەیە[ی ئەم ساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە لەلایان ماوە] خەرج بکەن."
هاوکات، هەر رۆژی سێشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2025 بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق گوتی، رۆژی دووشەمە 17-11-2025 لە کۆبونەوەیەکی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، فوئاد حوسێن، تەیف سامی و خۆی دا بڕیاری ناردنی مووچە دراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ