بەنگین رێکانی بۆ رووداو: شەممە نووری مالیکی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

20-11-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی نووری مالیکی ئاشکرای دەکات، هەفتەی داهاتوو سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. هاوکات بەنگین رێکانی بە رووداوی گوت، نووری مالیکی رۆژی شەممە دەگاتە هەولێر.
 
عەباس موسەوی، راوێژکاری نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رۆژی پێنجشەممە، 20-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چوارچێوەی جموجووڵە سیاسییەکان لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەفتەی داهاتوو نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و سەرکردەی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات."
 
بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی عێراق، سەردانی نووری مالیکی بۆ هەرێمی کوردستان پشتڕاست کردەوە و گوتی، رۆژی شەممە دەگاتە هەولێر.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، بە مەبەستی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، لیژنەیەکی بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان پێکهێناوە، لیژنەکە پێکهاتووە لە نووری مالیکی، هادی عامری و فالح فەییاز . 
 
بە گوتەی راوێژکارەکەی، بڕیارە لەو سەردانەدا مالیکی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
عەباس موسەوی ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندیی بەردەوام لەنێوان نووری مالیکی و سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە "ئەوەش کارێکی سرووشتییە؛ هەمووان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی دەبێت پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکان بەردەوام بێت."
 
سەبارەت بە دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو راوێژکارەی مالیکی گوتی: "لە سێ ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکان زۆر باش بوون و لەسەر زۆر کێشە گەیشتوونەتە چارەسەر و رێککەوتن؛ هەندێک خاڵی کەمیش بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە کە بە دڵنیاییەوە لە دیدار و کۆبوونەوەی سەرکردەکاندا چارەسەر دەبن."
 
موسەوی لەبارەی نێوەڕۆکی گفتوگۆکان جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە هەر جوڵە و هەڵوێستێکی سیاسی دووربخرێتەوە."
 
هەروەها باسی لەوە کرد کە یاسای نەوت و گاز و بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە لەنێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکرێن.
 
شەوی 17ی تشرینی دووەمی 2025 چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە و گەورەترین فراکسیۆنی لە پەرلەمان راگەیاند، لە هەمانکاتدا بڕیاری پێکهێنانی دوو لیژنەی دا، یەکەمیان بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران، ئەوەی دیکەشیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت.
 
راوێژکارەکەی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئەوەشی بۆ رووداو ئاشکرا کرد، بڕیارە شاندێکی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش بەمەبەستی گفتوگۆ سەردانی بەغدا بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە