دەروازەی حاجی ئۆمەران: هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی بەردەوامە و دانەخراوە

20-11-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هەرچەند میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاندووە، پێنجشەممە و هەینی دەروازەی حاجی ئۆمەران دادەخرێت، بەڵام گوتەبێژی دەروازەکە لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە رەتیدەکاتەوە.
 
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە دیوی پارێزگای هەولێرەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو دەنگۆیەکی داخستنی دەروازەکە رەتدەکەینەوە، هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی بەردەوامە و ئاساییە".
 
دوێنێ میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، رۆژانی پێنجشەممە و هەینی ئەم هەفتەیە دەروازەی حاجی ئۆمەران دادەخرێت، هۆکارەکەشیان گەڕاندەوە بۆ "لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی قەبارەی هاتوچۆ و پێویستیی پاراستنی کەرامەتی گەشتیاران و لە سنوور و هەروەها دانانی سنووردارکردنی نوێ لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە سەبارەت بەوەی رۆژانە تەنیا رێگە بە هاتووچۆی هەزار کەس [کۆڵبەر] دەدرێت".
 
نزیکەی دوو مانگە بەهۆی رێگەدان بە کارکردنی کۆڵبەران بە شێوەی یاسایی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، قەرەباڵخییەکی زۆر دروست دەبێت، بە جۆرێک رۆژ هەیە زیاتر لە 3000 کۆڵبەر هاتووچۆ دەکەن، ئەوەش ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و بازرگانی دروستکردووە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سێشەممەی رابردوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت،  "لەسەر هێڵێن لە رێگەی لیژنەکان و سەرپەرشتیارانی دەروازەکانەوە بۆ نەهێشتنی قەرەباڵخی، لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەنجامی گفتوگۆکان دەردەکەون، ئەوەی لە بەرژەوەندیی خەڵک و هاتووچۆ بێت بڕیاری لەسەر دەدرێت".
 
بۆ ئەوەی قەرەباڵخی لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران کەم ببێتەوە، پێشتر قایمقامیەتی پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیاری دا لە "رۆژانی شەممە، دووشەممە، چوارشەممە و هەینی بۆ هاتووچۆی ئەو کەسانە دەبێت کارتی سنوورنشینیی [کۆڵبەری]یان هەیە و رۆژانی یەکشەممە، سێشەممە و پێنجشەممەش بۆ گەشتیاری ئاسایی دەبێت."
 
بەگوێرەی بڕیارەکانی قایمقامیەتی پیرانشار، ئەگەر گەشتیارێک بیەوێت لە رێگەکە دوانەکەوێت و خێرا مامەڵەکانی بەڕێبکرێت، "باشتر وایە ئەو رۆژانە بچێتە دەروازەکە کە هاتووچۆی کۆڵبەر قەدەخەیە، کە رۆژانی یەکشەممە، سێشەممە و پێنجشەممەیە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.