رووداو دیجیتاڵ
لە نێوان گوندی بەلگە و دوراجی لە سنووری کفری سێ چەکدار کە گوماندەکرێت داعش بن، تەقە لە دوو شوانی خەڵکی ئەو دوو گوندە دەکەن و دواتر هەڵدێن.
جەمال وارانی، فەرماندەی لیوای 144ی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ دووشەممە 20-12-2021 کاژێر 10ی سەرلەبەیانی ئاگادارکراونەتەوە کە سێ چەکدار تەقەیان لە دوو شوانی خەڵکی گوندی دوراجی و بەلگە کردووە، شوانەکانیش چەکیان پێبووە و تەقەیان لە چەکدارەکان کردووە، دواتر چەکدارەکان هەڵاتوون.
جەمال وارانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ناوچەیەی کە ئەو سێ چەکدارە تەقەیان لێکردووە پێشتر ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پێشمەرگەی تێدا ئەمجامدراوە. لیوای 144 شوانەکان و ئاژەڵەکانیان گواستوونەتەوە بۆ ناو گوندەکە، دواتر هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە جێگیرکراون.
لە ماوەکانی رابردوودا هێرشەکانی داعش زیادیان کرد بە تایبەتی بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە، بە جۆرێک کە لە 10 رۆژدا 22 پێشمەرگە و سێ هاونیشتمانی شەهید بوون.
دوای ئەوە لە رۆژی 08-12-2021 ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە هەردوو میحوەری یەکی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە بۆ کێوماڵکردنی داعش بەڕێوەچوو. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، وەکو لە راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە هاتووە، 14 شوێن و پەناگەی داعش لەناوبران و ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو کراوەتە ئامانج و چەندین مینی چێنراویش هەڵگیرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ