رووداو - رادیۆ
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک رایدەگەیێنێت، لە سنووری پارێزگاکە و ئیدارەی زاخۆ 20 کەمپی ئاوارە و پەنابەران هەن و نزیکەی 440 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە سنوورەکەدا نیشتەجێن. دەشڵێت: نزیکەی 180 ملیار دینار کرێی کارەبای کامپەکان و زیاتر لە شەش ملیار دیناری کرێی ئەو زەویی کامپەکان لەلای حکومەتی عێراقە و لە هەشت ساڵی رابردوودا خەرجینەکردووە.
پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دهۆک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە سنووری پارێزگای دهۆک 20 کەمپی ئاوارە و پەنابەران هەن، لەکاتێکدا لە هەموو عێراقدا رەنگە 20 کامپ بوونی نەبێت، لەناو کەمپەکاندا زیاتر لە 27 هەزار خێزان و لە دەرەوەی کامپەکاندا 38 هەزار و 500 خێزانی ئاوارە هەن، هەروەک نزیکەی 91 هەزار پەنابەر لە ناو کەمپ و دەرەوەی کامپدا نیشتەجێن.
پیر دەیان جەعفەر، ئاماژەی بەوەشکرد، کرێی کارەبای کامپەکانی سنووری دهۆک و زاخۆ، لە هەشت ساڵی رابردوودا نزیکەی 180 ملیار دیناری عێراقی بووە، هەروەک کرێی ئەو زەوییانەی کە کامپەکانی لەسەر دروستکراون، 14 کامپیان لەسەر زەویی کشتوکاڵی جووتیاران دروستکراون و کرێی ئەو زەویانەش نزیکەی شەش ملیار و 400 ملیۆن دینارن و حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا ئەو پارانەی خەرجنەکردووە و کەمتەرخەمبوون.
بەڕێوەبەری کۆچ وکۆچبەرانی دهۆک گوتیشی، وەکو بەڕێوبەرایەتی کۆچ وکۆچبەران لە دهۆک راپۆرتی تایبەتیان لەسەر کۆی سێکتەرەکان (کەرتی پەروەردە، تەندروستی، خۆراک، ئاو و پاککردنەوە) راپۆرتیان ئامادەکردووە و ئاراستەی وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانی عێراقی دەکەن بۆ ئەوەی لەکاتی کشانەوە و کۆتایی هاتنی کاری ئاژانسەکانی سەربەنەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان حکومەت و وەزارەتی کۆچ وکۆچبەران کارەکانی بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاژانسەکانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان لە کامپەکاندا بەردەوامن لە کارکردن، بەڵام لە بەشێک لە سێکتەرەکاندا کارەکانیان کۆتایی هاتووە و لە ئەگەری کشانەوەی تەواوەتییان کێشەیەکی گەورە بۆ کامپەکانی پارێزگای دهۆک دروست دەبێت.
لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال لە کامپەکانی دهۆک، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک گوتی، "خەڵکی شنگال باوەڕیان بە حکومەتی عێراق نییە و لە رابردوودا ئاڵۆزی لەنێوان سوپای عێراق و چەکدارانی نزیک لە پەکەکە دروست بوو، بەهۆیەوە نزیکەی 10 هەزار و 700 کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون."
بە بڕوای پیر دەیان جەعفەر، "لەدوای رزگارکردنی شنگالەوە تاوەکو ئێستا [ئەمە سێیەم کابینەی حکومەتە] لە بەغدا پێکبهێنرێت، بەڵام هیچیان تاوەکو ئێستا کێشەی شنگالیان چارەسەر نەکردووە."
لەبارەی دابەشکردنی نەوت بەسەر ئاوارەکاندا، بەڕێوەبەری کۆچ وکۆچبەرانی دهۆک گوتی، "ئەمساڵ دابەشکردنی نەوت، بەسەر ئاوارەکاندا زۆر باشبووە، لە سەرەتای مانگی 11 دەستیپێکردووە و بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی نەوت بەسەرە ئاوارەی نێو کامپەکاندا کۆتایی بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ