رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەى گۆڕان لیژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ هەڵسەنگاندنى مانەوە یان کشانەوە لە حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەدواى ئەوەى لە کۆنفرانسى ئەو بزووتنەوەیە دوو پێشنیاز دەنگیان بەدەست نەهێنا کە تایبەت بوون بە مانەوە یان کشانەوەى بێمەرجى بزووتنەوەکەوە لە حکومەت.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، لە دووەم رۆژى کۆنفرانسی بزووتنەوەى گۆڕان لە گردى زەرگەتەی سلێمانى، ئەندامانى کۆنفرانس تاوتوێى کشانەوە یان مانەوەیان کردووە لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و سێ پێشنیاز خراونەتە روو، پێشنیازەکانى مانەوە یان کشانەوەى بێمەرج لە حکومەت هیچ کامیان دەنگیان نەهێناوە، پێشنیازى سێیەم پەسند کراوە کە پێکهێنانى لیژنەیەکە بۆ هەڵسەنگاندنى هەموو لایەنەکانى کشانەوە یان مانەوە لە حکومەت کە دەکەوێتە دواى کۆنفرانس.
مەلا بورهان، ئەندامى جڤاتى نیشتمانیی بزووتنەوەى گۆڕان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "راسپاردەکانى ئەو لیژنەیە دەکەوێتە دواى کۆنفرانس لە نێو جڤاتى نیشتیمانى بڕیار لەبارەیەوە دەدرێت".
مەلا بورهان گوتیشى: "لە کۆنفرانس هیچ بڕیارێکى یەکلاکەرەوە لەسەر مانەوە یان کشانەوە لە حکومەت نەدرا".
پێشنیازى سێیەم وایە "لیژنەیەکى 15 کەسی دروست بکرێت بۆ ئامادەکردنى هەڵسەنگاندنى لایەنەکانى کشانەوە یان مانەوە لە حکومەتى هەرێمى کوردستان."
بزووتنەوەى گۆڕان بە چوار وەزیر لە کابینەى ئێستاى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەشدارە کە بریتین لە وەزارەتەکانى، بازرگانى، دارایی و ئابووری، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ