سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد بۆ هەولێر و دهۆک: دەبینە جێگرەوەی کاڵای ئێرانی

21-01-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد، پشتیوانی خۆی لە بڕیاری بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و دهۆک دەکات و ئامادەیی ئامەد رادەگەیێنێت، بۆ پڕکردنەوەی هەر جۆرە پێداویستییەک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2024، محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی ئامەد، دوو پەیامی پشتیوانی بۆ گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک، نارد لەبارەی بانگهێشتی بڕیاری بایکۆتکردنی کاڵاکانی ئێران. 
 
لە هەردوو پەیامەکەی محەممەد کایا هاتووە، کە ئامەد پشتیوانی تەواوی بڕیارەکانی هەولێر و دهۆک دەکات. دەشڵێت، "کاردانەوەیەکی رەوا و هەقە بۆ ئەو مووشەکبارانەی ئێران کردوویەتییە سەر هەولێر و کەسانی سڤیلی کردووەتە ئامانج."
 
هەروەها لە پەیامەکەدا باس لەوەکراوە، "پشتیوانی تەواوی خوشک و برایانمان لە هەرێمی کوردستان دەکەین. ئامەد هەموو کات ئامادەیە بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەک دەردەکەوێت لە پێداویستییە سەرەکییەکانی کەسوکارەکانمان و دەستی هاوکاری مرۆییش درێژ دەکەین. بە راشکاوی گوتوومانە و دووبارەی دەکەینەوە، لەپاڵ گەلی هەرێمی کوردستانداین."
 
شەوی دووشەممە، 15ـی مانگ، لە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران، ماڵی سەرمایەدار پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی فاڵکۆن و پڕۆژەی ئیمپایەر کرایە ئامانج. خۆی و کچێکی، لەگەڵ میوان و کارگوزارێکی ماڵەکەی گیانیان لەدەستدا، هاوژین و دوو منداڵی دیکەیشی بریندارن. کچە بچووکەکەی کە ناوی ژینا بوو، هێشتا تەمەنی نەببووە ساڵێک، لەگەڵ خۆی لە بۆردوومانەکاندا گیانی لەدەستدا. هەروەها 16 کەسی دیکەش برینداربوون. 
 
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر هەولێر، رۆژی 20ـی مانگ، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژوورى بازرگانى و پیشەسازیى هەولێر و ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک بڕیاری بایکۆتکردنی هاوردەکردنی کاڵا و شتومەکی ئێرانیان دەرکرد و داوایان لە بازرگانان کرد هەڵوێست دەربڕن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە